زیانلێكەوتووانی لافاوی رابردووی چەند ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان قەرەبوو دەكرێنەوە

 

دوای ئەوەی لە چەند هەفتەی رابردوو بە هۆی بارینی بارانێكی زۆر لە چەند ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان لافاو دروست بوو بە تایبەت لە دڤەری بالەكایەتی, پەرلەمانتارێكی كورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكرای كرد، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە كۆی دەنگ بڕیاردرا زیانلێكەوتووانی لافاوەكەی هەرێمی كوردستانیش قەرەبوو بكرێنەوە.

میران محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ئاشكراشی كرد، بڕیارە كورد دوو وەزارەتی دیكە لە حكوومەتی عێراق وەربگرێت.

میران محەمەد لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكانی پەرلەمانی عێراق راگەیاند، بڕیارە كورد هەردوو وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران و داد لە بەغدا وەربگرێت و ناوەكانیش ئاشكران.

هێشتا پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق بە سەرۆكایەتی عادل عەبدولمەهدی پێكنەهاتووە، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ململانێی نێوان كوتلە سیاسییەكان، بەتایبەتیش ململانێی ناوخۆیی هەریەك شیعە كە پۆستی وەزارەتی ناوخۆی بەردەكەوێت، سووننەكانیش كە پۆستی وەزارەتی بەرگرییان بەردەكەوێت.

لە بارەی قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووانی لافاوەكانیش، ئەو ئەو پەرلەمانتارەی عێراق گوتی: “لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق بە كۆی دەنگ بڕیاردرا، بڕە پارەیەك لە بودجەی عێراق بۆ قەربووكردنەوەی زیانلێكەوتووانی لافاوەكەی هەرێمی كوردستان تەرخان بكرێت”.

Back to top button