کلیلەکە لە گیرفانی قاسم سلێمانی دا نییە!
تەنیا کوردی
باڵێکی یەکێتی کە باکگراواندێکی ئێرانیان هەیە، ئەم ئێوارەیە گەیشتنە تاران. ئەمانە بۆ تەسفییەی حساباتی ناوەندی بڕیاری یەکێتی، بەدەم بانگەوازی قاسم سلێمانی دا چوونە و، کلیلی سەپاندنی هەژموونیان بەسەر ناوەندی بڕیار لە گیرفانی قاسم سلێمانیدا دەبینن.
ئەمانە، تا ئێستا وای پێشبینی دەکەن کە دەبێ شاری سلێمانی وابەستەی بڕیاری سیاسی تاران بێ، شاری سلێمانی دەبێ لە حوکمی ئەفسەرێکی بێگانەدا رەسمی سیاسەتی بۆ بکرێ، کەچی نایزانن کە شاری سلێمانی لە شەرعییەتی هەرێمدا واتایەکی دیکەی هەیە:
-شاری سلێمانی هێڵی سوورە بۆ هەرێمی کوردستان و ئەم جیوگرافیایە تەنیا موڵکی هەرێمە و، بۆ داهاتوویش دەبینرێ کە هیچ وڵاتێک ناتوانێ سلێمانی بکاتە تاقیگەی گەمەی سیاسی خۆی.
-بۆ داهاتوو دەبینرێ، کە هیچ هێزێکی سیاسی ناتوانێ بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆی، جیوگرافیایەک بکاتە قوربانی ململانێی نێوخۆیی و پێشێلی سەروەری گەل بکات و، دەستی وڵاتێکی بێگانە بگرێ و بە زۆر بیەوێ کە لەنێو حزبەکەیدا خەڵکانێکی تێکۆشەر ناچار بە چۆکدادان بۆ وڵاتێکی بێگانە بکات.
-لەداهاتوودا دەبینرێ کە ئیدی ئەمانەی دەیانەوێ ببنە کۆیلەی ئەفسەرێکی بێگانە و خاکی وڵات بفرۆشن، ئەمانە زووتر وەڵامێک وەردەگرنەوە کە ئەوەی بیری لێ دەکەنەوە ئەم توانایە سەربازییە نییە کە بتوانێ پێشێلی پیرۆزییەکانی هەرێم بکات.
ئەم باڵەی یەکێتی ئەگەر وابزانێ کە کلیلی خۆسەپاندنی بەسەر ناوەندی بڕیاری یەکێتی و سەپاندنی نفوزی ئێران بەسەر شاری سلێمانی لە گیرفانی ئەفەسەرێکی بێگانەدایە، ئەمانە بەهەڵەدا چوونە، چونکە کلیلی پارێزگاریکردن لە شاری سلێمانی و ئەم جیوگرافیاییە شەرعیەی هەرێم، پیرۆزیەتی بەتەنیا لە دەستی پێشمەرگەدایە.