رووسیا: ئەمریكا داعش بە هاوپەیمانی خۆی دەزانێت
لەگەڵ ئەوەی ناكۆكیە جەمسەر بەندیەكەی نێوان ئەمریكا و رووسیا بەردەوامی هەیە, وەزیری دەرەوەی رووسیا لە دواهەمین لێدوانی میدیایی رایگەیاند، ئەمەریكا بۆ رووخانی رژێمی ئەسەد رێكخراوی تیرۆریستی داعش بە هاوپەیمانی خۆی دەزانێت.
سێرگی لاڤرۆڤی وەزیری دەرەوەی رووسیا بۆ ماڵپەڕی سپۆتنیكی رووسی باسی لە پێوەندی نێوان رێكخراوی تیرۆریستی داعش و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا كردووە, كە لەپێناو كۆششكردن بۆ گۆڕینی رژێمی سووریا، واشنتن رێكخراوی تیرۆریستی داعش بە هاوپەیمانی خۆی دەزانێت”.
هەروەها ماڵپەڕەكە ئاماژە بە بەشێكی دیكەی قسەكانی وەزیری دەرەوەی رووسیادەدات كە گوتوویەتی، “كاتێك لە بەرەنگاربوونەوەی داعش ئەمەریكا مەرج دادەنێت، ئەوا مانای ئەوەیە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا ئەجیندای شاراوەی هەیە”.
بەشێكی تری قسەكانی سێرگی لاڤرۆڤ لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكە تایبەت بوو بە كشانەوەی ئەمەریكا لەو رێككەوتنە ئەتۆمییەی كە لە كۆتایی هەشتاكانی سەدەی رابردوو لە نێوان یەكێتی سۆڤییەتی جاران و ئەمەریكا ئەنجام دراوە.
شایەنی باسە, دوای بەرپابوونی جەنگی سووریا، هەریەكە لە رووسیا و ئەمەریكا چوونە جەنگەكەوە، ئەمەریكا سەرۆكایەتی هاوپەیمانێتییەك دەكات لەدژی رێكخراوی تیرۆریستی داعش و دەیەوێ گۆڕانكاریش لە رژێمی سووریا بكات.