پسپۆرێکی سیاسی عێراقی: سەردانەکەی بارزانی تەرازووی هێز لە بەغدا دەگۆڕێت
دوای ئەوەی سەرۆک بارزانی سەردانی بەغدای کرد، لە میانەی سەردانەکەی چاوی کەوت بە سەرۆک وەزیران و سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و ژمارەیەک بەرپرسی باڵای دیکەی عێراقی، سەردانەکەی سەرۆک بووە جێی بایەخی میدیا جیهانی و عێراقیەکان، پسپۆڕێکی سیاسیی عێراقیش رایدەگەیەنێت، کە سەرۆک بارزانی لە سەردانەکەیدا بۆ عێراق، تەرازووی هێزی لە بەغدا گۆڕی.
فائیز محەمەدی، پسپۆڕی سیاسیی عێراقی بە رۆژنامەی (ئەلعەرەبی جەدید)ی راگەیاندووە، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دوای سەردانەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی، کوتلە سیاسییە عءراقییەکانی ناچار کرد واقیعێکی نوێ قبوڵ بکەن و واز لە گوشارەکانیان بهێنن.
فائز محەمەدی هەروەها رایگەیاندووە، سەرۆک بارزانی ”بەهێزەوە“ گەڕاوەتەوە ناو پرۆسەی سیاسیی عێراق و بە گەڕانەوەشی، تەرازووی هێز لە بەغدا گۆڕا و ئیدی پرۆسەی سیاسی لە عێراق بە جۆرێکی دیکە بەڕێوە دەچێت.
هەروەک ئەو پسپۆڕ و چاودێرە سیاسییە باسی کردووە، بە دەربڕینی پشتیوانی بۆ عادل عەبدولمەهدی لەلایەن سەرۆک بارزانییەوە، حکوومەتەکەی عەبدولمەهدی بەهێزتر دەبێت و کوتلە سیاسییەکان ناچار دەبن کاندیدی نوێ و قبوڵکراو بنێرن، تاوەکو ئەو هەشت وەزارەتەی ماوە، پڕ بکرێنەوە.
فائز محەمەد جەختی لە رۆڵی سەرۆک بارزانی لەیەکلاکردنەوەی کێشەکان کردووەتەوە و رایگەیاندووە، سەرۆک بارزانی ”تاکە سەرکردەی کوردە“ و باشترین رۆڵی لە چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا و کێشەکانی حکوومەتی عێراق دەبێت.
رۆژی پێنجشەممە 22/11/2018، سەرۆک مەسعود بارزانی سەردانی بەغدای پایتەختی عێراق کرد و لە رێوڕەسمێکی شایستەدا، بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە لە فڕۆکەخانەی بەغدا پێشوازییان لێ کرد.
سەرۆک بارزانی لەگەڵ عادل عەبدولمەهدیی سەرۆک وەزیرانی عێراق، محەمەد حەلبوسیی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، موقتەدا سەدری رێبەری رەوتی سەدر و ژمارەیەک سەرکردەی باڵای دیکەی ئەو وڵاتە کۆ بووەوە و تاوتوێی چەندین پەیوەندیدار بە هەرێمی کوردستان و عێراقیان کرد، کە گرنگترینیان بریتین لە؛
– چارەسەرکردنی کێشەی کەرکووک و ماددەی 140.
– پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا.
بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2019.