هه‌رێم پرسی ئافره‌تان له‌ ۹مانگدا ۹۰ ژن خۆیان سوتاندووه‌و ۵٤ی دیكەش خۆیان كوشتووە

ئەمرۆ یەكشەممە ۲۵ی۱۱ی۲۰۱۸، هەڵمەتی نیشتیمانی بۆ رووبەڕووبونەوەی توندوتیژی بە دروشمی “كوردستان پرتەقاڵی بكەین، هاشتاگ دەنگم ببیستە” دەستیپێكرد.

بە گوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان، لە ماوەی ۹ مانگدا ۹۰ ژن لە ھەرێمی كوردستان خۆیان سوتاندووە و ۵٤ی دیكەش خۆیان كوشتووە، ھەروەھا ۳۷ ژن كوژراون.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان لە ھەرێمی كوردستان ئاماری ۹ مانگی سەرەتای ئەمساڵی بڵاوكردەوە و تێیدا ھاتووە، لەو ماوەیەدا ۳۷ كوژراون و ۵۲ ژنی دیكە خۆیان كوشتووە و ۹۰ ژنیش خۆیان سوتاندووە و ۸۷ ژنیش دەست درێژی سێكسیان كراوەتە سەر.

وەك لە ئامارەكەدا ئاماژەی پێكراوە، لە ماوەی ۹ مانگدا ۷ ھەزار و ۱۹۲ سكاڵا لەلایەن ژنان دژی توندوتیژی بەرامبەریان تۆمار كراون.

ڕۆژی ۱۷ ی دیسەمبەری ساڵی ١٩٩٩ كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان ٢٥ ی نۆڤەمبەری وەك ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافره‌تانی دیاری كرد و لە هەرێمی كوردستانیش ساڵانە بۆ ماوەی ١٦ رۆژ هەڵمەتێكی نیشتیمانی رادەگەیەنرێت و چەندین چالاكی جۆراوجۆر ئەنجامدەدرێت.

Back to top button