پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی عێراق زیادكرا
دوای سەردانەكەی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا, سازدانی گفتوگۆ لەگەڵ كابینەی نوێی حكومەتی عێراق و ژمارەیەك بەرپرس عێراقی, وەزیری دارایی پێی راگەیاندووە كە هەوڵ هەیە بۆ زیادكردنی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی 2019 بۆ 14%.
جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاندووە “بڕیارە رۆژی دووشەممە 26-11-2018 لەگەڵ لیژنەی هاوبەشی حكومەت و پەرلەمان لەسەر پرسی بودجە كۆببینەوە، هەروەها پێشبینیدەكەم گۆڕانكاری لە نرخی نەوت بكرێت، چونكە نرخی زۆر دابەزیوە ئەمەش كاریگەری لەسەر بودجە دەبێت”.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت: “لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی داهاتوو نرخی یەك بەرمیل نەوت بە 56 دۆلار خەمڵێندراوە، ئێستاش نرخی یەك بەرمیل بۆ خوار 56 دابەزیوە، نەوتی عێراقیش حەوت دۆلار لە نرخی نەوتی برێنت هەرزانتر دەفرۆشرێت، بۆیە پێشبینی دەكەن گۆڕانكاری گەورە بەرەو كەمبوون رووبدات، چونكە دەبێ حكومەت پێداچوونەوە بە هەموویدا بكات”.
سەبارەت بە زیادكردنی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتی 2019، جەمال كۆچەر گوتی: “لەمیانی كۆبوونەوەمان لەگەڵ وەزیری دارایی، 10 خاڵ باسیان لێوەكراوە، كە گۆڕانكاریان تێداكراوە و زیاتریش دەكرێت، لەوانە پشكی وەزارەتی تەندروستی و ژمارەیەك وەزارەت و دەزگای دیكە، هەروەها هەوڵیش هەیە بۆ زیادكردنی پشكی هەرێمی كوردستان بۆ 14%، بە حكومەتیش گوتراوە ئەگەر رێژەی هەرێمی كوردستان بگەیێندرێتە 10 ملیار دۆلار، ئەوا كێشەی ئێمە چارەسەردەبێت، ئێستا لەسەر دانیشتنی سبەینێ ماوە ئەگەر بكرێت”.
لەو پڕۆژەیاسایەی كە عەبادی پەسەندی كردبوو و رەوانەی پەرلەمانی عێراقی كردبوو، تاوەكو ئێستا خوێندنەوەی یەكەمی بۆ نەكراوە، ئەمە لە كاتێكدایە پشكی هەرێمی كوردستان لە پرۆژەی بودجەدا بۆ ساڵی 2019ـدا بە 12.67% خەمڵێنراوە، ئەمەش بەهەمان شێوەی یاسای بودجەی ساڵی 2018.