توركیا كازم ئۆز دەرهێنەری كورد لە دێرسم دەستبەسەركرد

دوای ئەوەی حكومەتی توركیا لە ماوەی رابردوو ژماریەك سەركردەی سیاسی و هونەرمەندی و خەلكی ئاسایی دەست بەسەركرد, پاش دەركردنی بڕیاری دەستگیركردنی هونەرمەند جانێ‌ , توركیا دەرهێنەری ناوداری كورد، كازم ئۆز لە چوارچێوەی لێپرسینەوەی تیرۆر لە ناوچەی پەرتەكی دێرسم لە باكووری دەستبەسەركرد

هێزێكی ئەمنی لە توركیا لە ژێر رۆشنایی مادەی لێپرسینەوەی تیرۆر لەسەر داوای دادگای كۆماری لە ئامەد، دەرهێنەری كورد كازم ئۆزی دەستبەسەركرد.

لەو كاتەی ئەم دەرهێنەر لەرێگابوو لە دێرسمەوە بۆ شاری ئەلعەزیز دەچوو، لەلایەن هێزێكی ئەمنیەوە دەستبەسەركراو بۆ وەرگرتنی ئیفادە رەوانەی بەڕێوەبەرایەتی ئەمنی ناوچەی پەرتەكی كراو دواتریش رەوانەی شاری ئامەدیان كردووە.

دەرهێنەری ناوداری كورد،كازم ئۆز لە ساڵی 1973 لە شاری دێرسم لە باكووری كوردستان لە دایكبووە، لە ساڵی 2003 خوێندنی لە بواری سینەما تەواوكردووە، خاوەنی چەندین فیلمی بەناوبانگە، نوێترین فیلمیش بەناوی زەر بوو، كە بەرهەمی ساڵی 2016ی وڵاتی توركیایە و دوای چەند مانگێك لە نیشاندانی لەو وڵاتە، بەیەكجاری قەدەغە كرا.

چیرۆكی فیلمی زەر باسی دروستبوونی گۆرانییەكی فۆلكلۆری كوردی لە باكووری كوردستان دەكات، كە گەنجێكی نائومێدی بێشوناسی كورد لە ئەمەریكاوە دەهێنێتەوە بۆ گوندە دوورەدەست و پەروێزخراوەكانی باكووری كوردستان و ئومێد و شوناسی خۆی تێدا بە دەست دەهێنێتەوە.

ئەم دەرهێنەرە كوردە، یەكێكە لە دەستەی دامەزرێنەری ئاژانسی فیلمی سینەمایی مێزۆپۆتۆمیایە، كە لە هەموو فیلمەكانی تیشكی خستووەتە سەر كێشەی كوردانی باكووری كوردستان.

Back to top button