تەواوی هەیكەلی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزەكانی یه‌كه‌ی ۷۰و ۸۰ـی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ڕێكده‌خرێنه‌وه‌

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دوو شه‌ممه‌ ۲٦ی۱۱ی۲۰۱۸ لە هەولێر و لە وەزارەتی پێشمەرگە و بە ئامادەبوونی بەرپرسانی وەزارەتی و هێزەکانی هاوپەیمانان و ڕاوێژکارە سەربازییەکانی ئەمریکا، بریتانیا و ئەڵمانیا کۆنفرانسی چاکسازیی پێشمەرگە بەڕێوە چوو.

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كانی ” خواكوڕك ” تەواوی هەیكەلی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزەكانی یه‌كه‌ی ۷۰و ۸۰ـی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان گۆڕانكاریان تێدا دەكرێت و ژمارەیەك فەرماندە دەگۆڕدرێن و هەیكەلی لیواكانیش لە چوار فەوجەوە بۆ سێ‌ فەوج كەمدەكرێنەوە و راستەوخۆش خولی راهێنان دەكرێتەوە.

هه‌روه‌ها چەند هێز و یەكە و فەوجێك هەڵدەوەشێندرێنەوە و تێكەڵ بە یەكەكانی دیكە دەكرێن و چەند لیوایەكی دیكەی یەكێتی و پارتیش یەكدەگرنەوە، بەڵام هێزەكانی ۸۰ و ۷۰ وەكخۆیان دەمێننەوە.

کەریم سنجاری وەزیری ناوخۆ و وەزیری پێشمەرگە بە وەکالەت له‌ کۆنفرانسی چاکسازیی پێشمەرگە گوتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا بە وردی تیشکی خستە سەر هەنگاو و قۆناغەکانی پرۆسەی “پلانی چاکسازیی پێشمەرگە لە ئایندەدا” و ڕایگەیاند: “ئەوەی گرنگە لەناو سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستاندا ئیرادە بۆ چاکسازیی پێشمەرگە هەیە و دەگەیەنە ئەو ئامانجەی کە خواست و مەبەستی هەموانە”.

وەزیری ناوخۆ و وەزیری پێشمەرگە بە وەکالەت ده‌ڵێت: “هەموو هێزێک ناوە بە بەناوە پێویستی بە چاکسازی هەیە و قۆناغ بە قۆناغ و ماوە بە ماوە دەچینە پێش و لەمبارەوە پشتگیرییەکانی جەنابی سەرۆک بارزانی جێگەی دەستخۆشی و پێزانینە، چونکە چاکسازی وەرچەرخانێکە و دەبێتە هۆی نوێکردنەوە و چالاکترکردنی توانای ئیدارەدان و سەرکردایەتیکردن”.

كه‌ریم شنگالی وەزیری ناوخۆ و وەزیری پێشمەرگە بە وەکالەت ده‌شلێت: “هەموو لایەکە ئاگادارن کەلە کاتی شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش و دوای کۆتاییهاتنی ئەو شەڕە وەزارەتی پێشمەرگە بە یەکە جیاوازەکانییەوە پێویستیی بە ڕیفۆرمێکی جیدی بوو بۆ ئەوەی بتوانێ لەگەڵ ڕەوتی بەرەوپێشچوونی بارودۆخی سەردەم و سەربازیی ناوچەکە خۆی بگونجێنێت”.

وەزیری ناوخۆ و وەزیری پێشمەرگە بە وەکالەت گوتی : “ئەم بیرۆکەیە یەکەم جار لە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ جەنابی سەرۆک بارزانی لەگەڵ وەزیری بەرگریی بەریتانیا باسی لەبارەوە کرا و دواتر بووە پێشنیار و پلانی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ بەجێ گەیاندنی ڕیفۆرمێکی گشتی تا بتوانێ بەسەر کۆسپ و تەگەرەکاندا زاڵ بێت و لەشکرێکی نموونەیی دروست بکات”.

کەریم سجناری گوتیشی: “لە سەرەتادا وڵاتی بریتانیا ئامادەیی دەربڕی بۆ پشتگیری و پاڵپشتیی پرۆژەی چاکسازی و دواتریش هەر یەک لە وڵاتانی ئەمریکا و ئەڵمانیا ئامادەییان دەربڕی بۆ پشتگیری پلانی چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگە”.

لە درێژەی گوتارەکەیدا وەزیری ناوخۆ و وەزیری پێشمەرگە بە وەکالەت ده‌شلێت : “وەزراتی پێشمەرگە لێژنەیەکی باڵای لە چوار ئەفسەر پلە باڵا لەگەڵ ڕاوێژکارارانی هەر سێ وڵاتی بریتانیا، ئەمریکا و ئەڵمانیا و ئەم لێژنەیە دواتر ناو نرا بە بۆردی چاکسازی کە تا ئێستا ۳۵ کۆبوونەوەیان ئەنجام داوە، هەنگاوی یەکەمی ئەو لێژنەیە نووسینەوە و دانانی پرۆژە و پلانی چاکسازی بوو کەلە ۳۵ خاڵ پێکهاتبوو کە لەژێر ناونیشانی بەرنامەی پێشمەرگە لە ئایندەدا”.

Back to top button