بیرۆكه‌یه‌ك له‌ پێناو پاراستنی ژینگه‌دا

زۆر جار باس لە هۆشیاری ژینگەیی و پاراستنی ژینگە دەكرێت ئایا بە چ ڕێگەیەك هاوڵاتیان هۆشیار بكرێتەوە لەمەڕ پاك ڕاگرتنی ژینگەكەیان هەندێك دەڵێن پێویستە بە یاسا ئیجبار بكرێت و هەندێكیش دەڵێن نا تەنیا پێویستە ئاستی ڕۆشنبیری خەڵك بەرز بكرێتەوە، بەڵام ئەوەی ڕاستییە دەبێت هەردوو ڕێگەكە (یاسا و هۆشیاری) پەیڕەو بكرێت چونكە هەموو كەسێك ئاستی وەك یەك نییە كەسانێك لەوانەیە پێوستی بە یاسا نەبێت خۆی هەست بە خۆشەویستی بكات بەرامبەر ژینگەی وڵاتەكەی و ژینگە بپارێزێ .

بەڵام كەسانێكیش هەن لە هەموو كۆمەڵگەیەكدا كەم تا زۆر گوێ بە ژینگە و ڕۆشنبیری و ئەو شتانە نادەن بۆیە پێویستە بۆ ئەم جۆرە كەسانە یاسا بخرێتە گەڕ، لەگەڵ ئەم دوو ڕێگەیەدا چەندان ڕێگەی تر هەیە كە ئەتوانرێت ببێت بە هاندەرێك بۆ ئەوەی خەڵك ژینگەكەی بپارێزێت.

یه‌كێك له‌و ڕێگایانه‌ ئەوەیە كە ڕێكخراوێكی خێرخوازی ژینگەیی لە لەندەن بە ناوی هوببووب بۆ ڕزگاربوون لە بنە جگەرە هەڵساون بە دانانی دوو سندووق كە یەكێكیان ناوی (كریستیانۆ ڕۆناڵدۆ) و ئەوی تریان ناوی (لیۆنێل میسی)ی لێ نووسراوە و لە سەرووی دوو سندووقەكەش پرسیارێ نووسراوە (كێ باشترین یاریزانی جیهانە؟) جا هەر سندووقێكیان زۆرترین بنە جگەرەی تیا بێت ئەوە باشترین یاریزانە.

له‌ڕاستیدا ئەم جۆرە بیرۆكانە ژیرانەیە و دەبێتە هۆی هاندانی خەڵك بۆ فڕێ نەدانی بنە جگەرە و هەروەها ئەشبێت بە زانیارییەك لە لاشعووریاندا كە كاریگەریی مەودا درێژی هەیە و كاتێك ویستی جگەرەكەی فڕێ بدا ئەمەی بیر بكەوێتەوە و هەست بكات كە كارێكی باش ناكات.

لە ماڵپەڕی دایلیمایلی بەڕیتانی وەرگیراوە

Back to top button