ململانێی نێوان لاهور و باڵی هێرۆی برایم ئەحمەد
تا ئێستا زۆرینە پێیانوایە لە دوای مردنی مام جەلالەوە یەكێتی لە لایەن هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و كوڕەكانییەوە كۆنتڕۆڵ كراوە، ئەمە رەنگە تا ئەو ئاستە راست بێت كە سەرپێیی لەو پرسە وردبینەوە، ئەگینا لە ئاستی باڵادا ناكۆكی و ململانێی قووڵ لە ناو یەكێتیدا هەیە بۆ ئەوەی باڵی هێرۆ خان و كوڕەكانی لاواز بكەن، لاوازكردنی ئەو باڵەش بە كۆسرەت رەسووڵ و مەلا بەختیار ناكرێت، بەوپێیەی هەر دوای نەخۆشكەوتنی تاڵەبانی، باڵێكی بەهێز ئیشی لەسەر ئەوە كرد دەستبەسەر یەكێتیدا بگرێت، ئەویش باڵی لاهورە، كە برازای تاڵەبانییە، ئەگەرچی دەگوترێ لە هەمان باڵی هێرۆ ئیبراهیمە، بەڵام خودی لاهور لە ناو باڵی دەستڕۆشتوو، ئەویش بۆ خۆی باڵێكە و بەردەوامیش ناكۆكیی رانەگەیەندراوی لەگەڵ ماڵی هێرۆ ئیبراهیم و هەندێ جار كوڕەكانی تاڵەبانی هەیە.
هێرۆی هاوسەری تاڵەبانی و كچی برایم ئەحمەد، لەگەڵ نەخۆشكەوتنی تاڵەبانی لەگەڵ كوڕەكانی كاری كرد تا دەستبەسەر یەكێتیدا بگرێت، بەڵام كێشەی گەورەی بەردەم هێرۆی ئیبراهیم ئەحمەد، لاهور تاڵەبانییە كە خۆی بە خاوەنی یەكێتی دەزانێت بە هۆی ئەوەی برازای مام جەلالە و پێیوایە هێرۆ ئیبراهیم یەكێتی بە ئاڕاستەی بە “برایم ئەحمەدبوون”دا دەبات، بۆیە ئەم ئاڕاستەیە لاهوری ترساندووە و هەمیشە لە كەمینەدایە بۆ ئەوەی یەكێتی بكاتە دوو باڵ، واتە چۆن هێرۆی كچی برایم ئەحمەد باڵی هەیە، ئەوها ئەویش هەیبێت و خۆی وەك میراتگری تاڵەبانی بناسێنێت، ئەگەرچی قوباد و پاڤیڵ كوڕی تاڵەبانین، بەڵام تێڕوانینی لاهور ئەوەیە كە ئەو دوو كوڕەی تاڵەبانی زیاتر لە ژێر كاریگەری دایكیانن تا مام جەلال، بەتایبەتی قوباد تاڵەبانی تەواو گوێڕایەڵی دایكیەتی و لە ئەگەری زاڵبوونی ئەو دوو كەسەش بەسەر یەكێتیدا، بەتایبەتی قوباد، ئیدی یەكێتی دەبێتە یەكێتییەك لەسەر میراتی برایم ئەحمەد و هێرۆی برایم ئەحمەد ئاڕاستە دەكرێت، كەمتر تاڵەبانی، بەوپێیەی خودی هێرۆی برایم ئەحمەد پێیوایە باوكی خاوەنی ئەو فیكرەیەی یەكێتییە بووە نەك تاڵەبانی، ئەگەرچی ئەمە پرسێكی ئاڵۆزە و خوێندەوەی زۆر هەڵدەگرێت.
دەگوترێ لاهور بە پلەی یەكەم و دواتریش پاڤیڵ تاڵەبانی، هەوڵی زۆریاندا تا بەرهەم ساڵحیان كردە كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆككۆمار، راستە یەكێتی وای نیشانداوە كە بەرهەم ساڵح كاندیدی سەرجەم باڵ و گرووپەكانی ناو حیزبەكەیە، بەڵام هەر ئەوكات مەلا بەختیار و شانازی برایم ئەحمەد ناڕەزاییان دەربڕی و تەنانەت شاناز هێرشی كردە سەر دكتۆر بەرهەمیش.
دەی ئەمە وەك نموونەیەك كەوا ناكۆكیی لە نێوان ماڵی تاڵەبانی، واتە لاهوری برازای تاڵەبانی لەگەڵ ماڵی برایم ئەحمەد هەیە، بەوەی لاهور خۆی بە میراتگری مامی دەزانێ و پێیوایە هێرۆی هاوسەری تاڵەبانی دەیەوێ میراتی سیاسیی برایم ئەحمەدی باوك بەسەر تاڵەبانی هاوسەردا زاڵ بكات، لێرەدا رەنگە بپرسن ئاخر خۆ تاڵەبانی هاوسەری بووە و چۆن ئەو میراتە بە هی خۆی نازانێت؟ ئەوە روونە هێرۆ خان بە تەواوی لە ژێر كاریگەری باوكیدا بوو، هەر ئەو كاریگەرییەشە رەنگدانەوەی لەسەر پەیوەندییەكانی نێوان پارتی و ئەو باڵە دەستڕۆیشتووە هەبووە، بەتایبەتی كاتێك تاڵەبانی كۆچی دوایی دەكات، ئیدی باڵی برایم ئەحمەد، واتە هێرۆ و پاڤێڵی كوڕی و شانازی خوشكی تەواوی پەیوەندییەكان لەگەڵ پارتی تێكدەدەن و زۆربەی جارەكانیش قوباد وەك تاكتیك بۆ ئاساییكردنەوەی ئەو پەیوەندییە خراپانە بەكاردەهێنن، كە پارتی كەمتر هەستی بەوە كردووە! هەندێجاریش ویستوویانە لە رێی كۆسرەت رەسووڵ و مەلا بەختیاریشەوە بەشێكی ئەو پەیوەندییەی نێوانیان لەگەڵ پارتیدا رابگرن، یانی هەر كات باڵی هێرۆ كێشەی لەگەڵ پارتی هەبووبێت لە رێگەی كۆسرەت رەسووڵ و مەلا بەختیار و ئینجا قوباد تاڵەبانییەوە خۆیان لە پارتی نزیك كردووەتەوە، وەك ئەوەی لە ئۆكتۆبەر دەركەوت، بەڵام هەمیشە گرووپێك لەناو ئەو باڵەدا كۆنە شەڕی بە پارتی دەفرۆشنەوە و هەمان ناكۆكیی سەردەمی شاخ و باڵی مەكتەبی سیاسی زیندوو دەكەنەوە، واتە ئەو گرێ دەروونییەی برایم ئەحمەد بۆ منداڵ و هەندێ لە نەوەكانیشی ماوەتەوە و لە كاتی جیاوازیشدا دژی پارتی ئیشیان لەسەر كرد، بەتایبەتی شاناز و پاڤێڵ لە رێی سەپۆرتی هێرۆی خوشك و دایكەوە دژایەتی زۆری پارتییان كرد، مەگەر ئەوە شاناز نەبوو لە ئەورووپاوە بەردەوام لە دژی سیاسەتی پارتی و هەروەها ئەو وردە رێككەوتننانەی نێوان پارتی و یەكێتی هەڵوێستی وەردەگرت؟
دروستە بە رووكەش باڵی دەستڕۆیشتووی ناو یەكێتی تەعبیر لە لاهور و ماڵی مام جەلال دەكات، بەڵام ئەوە تەنیا رووكەشە و لە ژێرەوە لاهور سەرقاڵی دەستگرتن بەسەر یەكێتیدا، بەوپێیەی ئەو خۆی بە خاوەنی یەكێتی دەزانێت و پێیوایە هێرۆ خان دەیەوێ یەكێتی لە حیزبەكەی تاڵەبانییەوە وەك جلێك بكاتە بەر برایم ئەحمەد و لاهوریش رووبەڕووی ئەو گرووپە وەستاوەتەوە، بەڵام راستی باڵی هێرۆی برایم ئەحمەد بەهێزن و تەنانەت زۆرترین دارایی یەكێتیی قوباد تاڵەبانییە، قوبادیش بەوە ناسراوە تا ئاستی تەسلیمبوون گوێڕایەڵی دایكیەتی و ئەمەش گەورەترین بەربەستە لەبەردەم ئامانجەكانی لاهور كە دەیەوێ یەكێتی لە چنگ ماڵی برایم ئەحمەد رزگار بكات، واتە هێرۆ و شانازی كچی برایم ئەحمەد كە زیاتر لە هێرۆی خوشكی قسە دەكات و بە توندیش رەخنە دەگرێت، هەڵبەت ئێمە باسی قۆناغێك دەكەین كە تاڵەبانی نەماوە و دەستەگەریش لەناو حیزبەكەی مامدا چەندان لق و پۆپی تازەی لێبووەتەوە و هەموویانیش خۆیان بە خاوەنی میراتی یەكێتی دەزانن و لەناو ئەو میراتەشدا شەڕی رانەگەیەندراوی نێوان لاهور و ماڵی هێرۆی برایم ئەحمەد لە ئارادایە لەسەر میراتی تاڵەبانی!