ئاسایشی سلێمانی رێگا نادات فیلمی 14ـی تەموز لە سڵیمانی نمایش بكرێت كە باس لە بەرخودانی باكوری كوردستان دەكات
دوای ئەوەی ئەمڕۆ ئاسایشی سلێمانی هەلیانكوتایە سەر بارەگای حزبێكی نزیك لە پەكەكە داوای داخستنی بارەگای حزبەكەیانكرد لە سلێمانی,ئاسایشی گشتی سلێمانی، نمایشی فیلمی 14ی تەمووز قەدەغەكرد، كە لە دەرهێنانی هاشم بایدەمیرە و ناوەڕۆكەكەشی لە بارەی بەرخودانی چەند زیندانییەكی سیاسیی باكووری كوردستانە.
سینەما سالم لە سلێمانی لە روونكردنەوەیەكدا ئاماژە بەوە دەكات، بڕیاربوو فیلمەكە، لە رۆژی 1ی كانوونی یەكەم/ دیسەمبەری 2018 نمایش بكرێت و ناوەڕۆكەكەشی لە بارەی بەرخودانی چەند زیندانییەكی سیاسیی باكووری كوردستانە، كە لە ساڵانی “هەشتادا و لەژێر ئەشكەنجەی دڕندانەی ڕژێمی فاشیستیی توركیادا”، خەبات دژی ستەم دەكەن.
وەك لە روونكردنەوەدا كە ئاراستەی رای گشتی كراوە، هاتووە: “ئەمە قەدەری هەمیشەیی گەلی كورد و هەموو ئازادیخوازانی دنیا بووە، دژ بە سیستەمە شموولی و فاشیستەكان لە هەر كوێ و لەژێر هەر پاساوێكدا. لە درێژەی ئەم سیاسەتە فاشیستییەدا، ئەمڕۆ لە لایەن ئاسایشی گشتیی سلێمانییەوە پەیوەندیمان پێوە كرا و پێیان ڕاگەیاندین كە بە هیچ شێوازێك ڕێگە نادەین ئەم فیلمە نمایش بكرێت”.
لە درێژەی روونكردنەوەكەی سینەما سالمدا هاتووە: “ئەمڕۆ لە لایەن ئاسایشی گشتیی سلێمانییەوە پەیوەندیمان پێوە كرا و پێیان ڕاگەیاندین كە بە هیچ شێوازێك ڕێگە نادەین ئەم فیلمە نمایش بكرێت. گەرچی ئێمە داوای نووسراوی فەرمیمان كرد، بەڵام وەڵامیان نەبوو و تەنها جەختیان لەوە دەكردەوە كە خۆمان تووشی سەرئێشە نەكەین، چونكە ئەوان بە هیچ شێوازێك ڕێگە نادەن ئەم فیلمە نمایش بكرێت”.
ئەو سینەمایە بڕیارەكەی ئاسایشی سلێمانی بە “نەفییەكی ڕوون و ڕاشكاوی ئازادیی ڕاگەیاندن” وەسف دەكات و رایدەگەیەنێت، “هیچ نییە جگە لە سانسۆرێكی ڕوون و بێپەردە”.
هەر لە روونكردنەوەكەی سینەما سالمدا هاتووە: “ئێمە لە لایەكەوە ئاسایشی سلێمانی بە بەرپرسیار دەزانین و پێویستە ڕوونكردنەوەیان لەسەر ئەم هەڵوێستە هەبێت. لە لایەكی تریشەوە پارێزگاری سلێمانی، كە لە ڕووی ئیدارییەوە كەسی یەكەمی ئەم شارەیە، پێویستە ڕوونكردنەوە و هەڵوێستی هەبێت و پێمان بڵێت لەژێر سایەی دەسەڵاتی ئەودا، خەریكە چی دەگوزەرێت و گەر ئەو دەسەڵاتی بەسەر ئەمەدا نییە، پێمان بڵێت ئەی بۆ پارێزگارە و لەم شارهدا كێ حاكمە؟”.
قەدەغەكردنی نمایشی ئەم فیلمە لە كاتێكدایە، كە راپۆرتە میدیاییەكان بەمدواییە باس لە چەند داوایەكی توركیا دەكەن لە دەسەڵاتدارانی سنوورەكە بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان.
پێشتر بەهۆی شكستهێنانی ئۆپەراسیۆنێكی نهێنی توركیا لە سنووری دەسەڵاتی یەكێتی، پەیوەندی نێوان ئەو حزبە و ئەنقەرە گرژی تێكەوت و توركیا نوێنەری یەكێتی دەركرد.
بەمدواییانە چەند راپۆرتێكی میدیایی ئاشكرایان كردووە، توركیا داوایەكی لە یەكێتی كردووە بە بیانووی هاوكاریكردنی پەكەكە، دوو بەرپرسی خۆی سزا بدات، بەڵام سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئەو هەواڵانەی رەتكردەوە.
پێشتریش قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، كە كوڕی سكرتێری گشتی كۆچكردووی یەكێتییه، بە نووسراوێكی فەرمی بڕیاری داخستنی نووسینگەی تەواوی ئەو حزبانەی دەركرد، كە مۆڵەتی فەرمییان لە وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەرنەگرتووە.