سهرۆك بارزانی: ویستمان بەو سەردانە نییەتی باش و هەڵوێستی ئاشتیخوازانەی خۆمان دووبارە بکەینەوە
ئهمڕۆ چوارشەممە ٢٨ـی١١ـی٢٠١٨، سەرۆک بارزانی لە پرێس کۆنفرانسێکدا ئەنجامی دیدار و سەردانەکانی بۆ بەغدا، نەجەف، ئیمارات و کوێت خستەڕوو.
سەرۆک بارزانی لە پرێس کۆنفرانسێکدا ڕایگەیاند: “ویستمان بەو سەردانە جارێکی دیکە نییەتی باشی خۆمان دەرببڕین، هەروەها هەڵوێستی ئاشتیخوازانەی خۆمان دووبارە بکەینەوە، چونکە هەمیشە ڕای ئێمە وابووە و ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ قۆناخەکانی ڕابردوویش لە هەموو قۆناخەکاندا هەمیشە داکۆکیمان لەسەر ئەوە کردووە کە هەموو گرفتەکان لەگەڵ بەغدا دەبێت بە دیالۆگ و لێکتێگەیشتن و رێز لەیەکتری گرتن چارەسەر بکرێن. ئەوە ئێمە نەبووین کە رێگەی دیکەمان هەڵبژاردبێت، ئەوە بەغدابوو کە پێشتر هەموو دەرگاکانیان داخستبوو و ڕێگەی دیکەیان هەڵبژارد”.
سەرۆک بارزانی لەبارەی قۆناخی نوێی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، گووتی: “ئێستاش پێمانوایە دەرفەتێکی تازە هاتووەتە پێش بۆ هەموو عێراق و بۆ کوردستان، جەنابی بەڕێز سەید عادل عەبدولمەهدی دۆستێکی دێرینی ئێمەیە، مرۆڤێکە لە کێشەی کورد و کوردستان تێدەگات، لە کوردستان ژیاوە، لەبەر ئەوە ئێمە ئومێدمان زۆرە بتوانین لەگەڵ ئەو بگەینە چارەسەری زۆرباش بۆ هەموو کێشەکان، پێشمگوت کە ئێمە هەموو توانایەکمانەوە پشتیوانیت لێ دەکەین، ئومێدمان وایە لەگەڵ ئەو بگەینە تەفاهوماتێکی باش”.
سەرۆک بارزانی لهبهشێكی دیكهی پرێسكۆنفرانسهكهدا دهشڵێت: “لە بەغدا لەگەڵ هەموو لایەنەکان بەبێ جیاوازی کۆبووینەوە، ئەوانەی دۆستی ئێمە بوون، ئەوانەی لە خراپترین قۆناخەکاندا دۆستایەتی خۆیان پاراست و ئەوانەشی هەرچی پێیان کرا دژی ئێمە کردیان، لەگەڵ هەموویان دانیشتین، بەڵام دەمەوێت لێرەدا داکۆکی لەسەر خاڵێک بکەم، هیچ هەنگاوێک و هەڵوێستێکی ئێمە لەسەر حیسابی پرەنسیب و ئامانجە ستراتیژییەکانی گەلی کوردستان نابێت”.