سه‌رۆك بارزانی:باسی هەموو گرفتەکانمان کرد رەنگە کاتی بوێت منیش و ئه‌و خه‌ڵكه‌ش چاوه‌ڕوانین

ئەمڕۆ چوارشەممە ۲۸ن۱۱ن۲۰۱۸، سەرۆک بارزانی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی ئەنجام دا و تێیدا باسی وردەکاریی سەردانەکەی بۆ عێراق، کوێت و ئیماراتی عەرەبیی یەکگرتوو کرد.

سه‌رۆك بارزانی له‌باره‌ی ته‌وه‌ری گفتوگۆكانی به‌غدا ڕایگه‌یاند:” باسی هەموو گرفتەکانمان کرد، بەتایبەتی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، ئێمە گەیشتووینە تەفاهوماتێکی باش کە بە دیالۆگ و بەپێی دەستوور و مادەی ۱٤۰ ئەو کێشانە چارەسەر بکەین، بەڵام هێشتا حکومەت بە تەواوەتی دانەمەزراوە، ئەمە پرسێکیش نییە من نامەوێت تەوەقوعاتی خەڵکی کوردستان زۆر بەرز بکەمەوە بڵێم هەموو شتێک تەواودەبێت، رەنگە کاتی بوێت، منیش لەگەڵ هەموو ئەو خەڵکە چاوەڕوانی ئەوەین، پێویستە بەکردار ئەنجامەکەی ببینین. ئێمە لەلایەن خۆمانەوە پێیەوە پابەند دەبین، کە بە هەموو شێوەیەک هاوکاردەبین بۆ چارەسەری گرفتەکان”.

سەبارەت بە چارەنووسی کەرکووک و ناوچەکوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند: “دەبێ کێشەکە بەپێی مادەی ١٤٠ چارەسەر بکرێت، ئێمە هەمیشە گوتوومانە دەبێ کەرکووک ببێتە نموونەی پێکەوەژیانی هەموو پێکهاتەکان، بەڵام مساوەمە لەسەر ناسنامەی کوردستانیبوونی کەرکووک ناکەین”.

سه‌رۆك بارزانی گوتیشی :” پێموایە لە بەغداش هەموو لایەنەکان دوای ئەو ئەزموونە گەورەیەی کە بەسەر هەموو لایەکدا هات، تێگەیشتوون کە جگە لە دیالۆگ ناتوانن هیچ کێشەیەکی دیکە چارەسەر بکەن، لەبەر ئەوە تاڕاددەیەک گەشبینم، مرۆڤیش هەمیشە گەشبین بێت باشترە لەوەی رەشبین بێت، بەڵام دیسان جارێکی دیکەش من نامەوێت هیچ بەڵێنێک بدەم یان تەوەقوعاتی خەڵکی خۆمان بەرزبکەمەوە، بەڵام بەجیدی هەوڵی جیدی دەدەین بۆ ئەوەی لەڕووی ئابووریی و سیاسی و سەربازی و ئەمنییەوە چارەسەری کێشەکان بکەین، ئومێدەوارین بەشێوەیەک بێت کە خێری هەموو لایەکی تێدابێت”.

سه‌رۆك بارزانی ده‌شلێت :” دوای دیدارەکانمان لە بەغدا سەردانی نەجەفم کرد و لەوێش جەنابی سەید موقتەدام بینی، ئەویش زۆر کراوەبوو زۆریش ئیجابی بوو، پاشان چووین بۆ ئیمارات و کوێت، لەوێ زۆر سەفەری ئێمە بۆ بەغدایان پێ خۆش بوو و ئامادەیی خۆیان پێشان دا کە دەورێکی ئیجابییان دەبێ بۆ هاوکاری هەموو عێراق و کوردستان بۆ ئاوەدانکردنەوە و چارەسەرکردنی کێشەکان.”

سه‌رۆك بارزانی له‌سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ به‌غدا مەسروور بارزانی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان و ئازاد بەرواری ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی لە بەغدا و ژمارەیەك وەزیر و بەرپرس و ڕاوێژكارانی پارتی هاوەڵی سەرۆك بارزانی بوون.

Back to top button