سهرۆك بارزانی :داوای دهستپێشخهریم لێكراوه دیراسهی دهكهین ئهگهر دڵنیانهبم هیچ هەنگاوێک نانێم
ئەمڕۆ چوارشەممە ۲۸ی۱۱ی۲۰۱۸، سەرۆک بارزانی لە پرێس کۆنفرانسێکدا باسی سەردانەکەی بۆ بەغدا، نەجەف و ئیمارات و کوێت کرد.
لە پرێس کۆنفڕانسەکەدا سەرۆک بارزانی وەڵامی پرسیاری پەیامنێری کەناڵەکانی دایەوە. لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە قۆناخی نوێی کاری پەرلەمانی کوردستان و دەستووری هەرێمی کوردستان، سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند: “نەبوونی دەستوور کەلێنێکی گەورەیە و هەڵەیەکی گەورە بوو کە کاتی خۆی نەخرایە ڕاپرسی، ئەویش بە نییەتێکی پاک بوو بۆ ئەوەی یەکڕیزیی لایەنەکانی لەسەر بێت، بە تەئکید دەبێ لە چوارساڵی داهاتوودا ئەم بابەتە بگاتە ئەنجام و ببینە خاوەنی دەستوورێکی ڕێوپێک”.
سەبارەت بە ئاوارەکانی ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق کە لە کوردستان دەژین، سەرۆک بارزانی گووتی: “ئەوانە تا پێویستیان بە ئێرە هەبێت ئەوە کوردستان ماڵی خۆیانە، بەڵام چارەسەر ئەوەیە دوای ئەوەی ناوچەکانیان ئاوەدان دەکرێتەوە و پێداویستیی ژیانیان بۆ دابین دەکرێت، بگەڕێنەوە زێدی خۆیان”.
لە وەڵامی پرسیارێکیشدا کە ئاخۆ لە بەغذا داوای لێ کراوە دەستپێشخەرییەک بۆ ئاشتەوایی بکات ، سەرۆک بارزانی، دهڵێت: “ئەو باسە کراوە کە دەستپێشخەری بکەین، دیراسەی دەکەین، بەڵام ئەگەر دڵنیا نەبم ئەنجامی دەبێ و سەرکەوتوو دەبێ، هیچ هەنگاوێک نانێم”.
سەبارەت بە بوونی گرێنتییەکیش بۆ دووبارەنەبوونەوەی سزاکان بۆسەر هەرێمی کوردستان، سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند: “من تەسەور ناکەم عادل عەبدولمەهدی بڕیارێک بدات وەک ئەوانەی پێش ئەو (دژی کوردستان) کردیان، چونکە ئەگەر شتێکی وا ڕووبدات دەبێتە کۆتایی هەموو شتێک، بەڵام ئومێدمان هەیە دووبارە نەبێتەوە، چونکە ئەو ڕێگەیەش سەری نەگرت. ڕاستە هەردوولا ئەزیەتمان دیت بەڵام ئەنجامی نەبوو و هەر گەڕاینەوە بۆ دیالۆگ، بۆیە پێم وانییە ئەموونێکی شکستخواردوو دووبارە بکرێتەوە. بۆیە ئەمجارە تا حەدێک ئومێدەوارم چونکە ئەوانیش تەجروبەیان کرد و گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی جگە لە دیاکۆگ ڕێگەیەکی دیکە نییە و خودی عادل عەبدولمەهدییش وەک شەخس باوەڕناکەم لەو کەسانە بێت بیهەوێ خەڵکی کوردستان ئەزیەت بدات، بەپێچەوانە تابتوانێ ڕەنگە هاوکار بێت بۆ ئەوەی لە ژیانێکی بەختەوەردابن، ئەمە تەوەقوعی منە ئومێدەوارم ڕاست بێت، تا حەدێکی زۆریش ئامادەیی پێشان داوە”.
ئەنجامی سەردانەكهی سهرۆك بارزانی زۆر ئیجابی یهو لەهەموو کۆبوونەوەکان باسی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کراوە، هەندێ لە لایەنەکان داوایان له سەرۆک بارزانی كردووه سەرپەرشتی دەستپێشخەرییەک بکات نەک تەنیا بۆ کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بەڵکو بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی لەنێوخۆی عێراقیش هەن.