سروە عبدالواحید: لە بەغدا بە پرۆتۆكۆلی سەرۆكی وڵات پیشوازی لە بارزانی كرا, بەپرسانی عێراق پێان گوتم تەنها بارزانی نوێنەری گەلی كوردە
دوای ئەوەی سەرك بارزانی سەدانی بەغدای كرد, سەردانەكەی بارزانی بە گرنگ و كاریگەر ناوبرا لە سەر ئاستی ناوخۆی عێراق و جیهانیش بە گرنگ وەسفكرا, سەرۆكی فراكسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان لە خولی رابردووی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، كە سەركردە عێراقییەكان پێیان گوتووە، تەنیا بارزانی نوێنەرایەتیی كوردستان دەكات.
سروە عەبدولواحید، كە ئێستا خۆی وەك سیاسەتمەدارێكی سەربەخۆی عێراقی دەناسینێت، لە بەرنامەیەكی كەناڵی (ئافاق)ی عێراقی رەخنەی لە سەركردە و بەرپرسە باڵاكانی ئەو وڵاتە گرتووە و دانی بەوەدا ناوە كە ”وەك سەرۆك دەوڵەتێك پێشوازییان لە بارزانی كرد“.
سروە عەبدولواحید كە بە یەكێك لەو چەند پەرلەمانتارە كوردە دادەنرێت كە لە خولی ڕابردووی پەرلەمانی عێراق، دژی خواستەكانی نەتەوەكەی خۆیان وەستاونەتەوە، دان بەوەدا دەنێت كە پێش پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق و لە سەروبەندی دروستكردنی كوتلە و ھاوپەیمانییەكان لە پەرلەمانی عێراق، لەگەڵ چەندین لایەنی شیعی و سوننی كۆ بووەتەوە بۆ دروستكردنی ھاوپەیمانێتی، بەڵام ”ئەو سەركردە عێراقییانە پێیان گوتم، بگەڕێوە بۆ لای بارزانی، چونكە ئێمە تەنیا ئەو بە نوێنەری كوردستان دەزانین“.
عەبدولواحید گلەیی لە حزبە شیعییە عێراقییەكان دەكات، چونكە ئەو حزبە كوردییەیان فەرامۆش كردووە، كە ”نیشتمانپەروەری عێراقین“ و دژی سەربەخۆیی كوردستانن و پەیوەندییەكانیان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرۆك بارزانی پەرە پێ دەدەن.
ئەو ژنە پەرلەمانتارەی پێشوو كە خوشكی شاسوار عەبدولواحیدی خاوەنی كەناڵی نالیایە، لەبارەی بەرھەم ساڵحیشەوە رای گەیاندووە، ”بەرھەم ساڵح نوێنەرایەتیی گەلی كوردستان ناكات، تەنیا نوێنەری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە“.
رۆژی پێنجشەممە ٢٢/١١/٢٠١٨، سەرۆك مەسعود بارزانی سەردانی بەغدای پایتەختی عێراقی كرد و لە رێوڕەسمێكی شایستەدا، بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە لە فڕۆكەخانەی بەغدا پێشوازییان لێ كرد.
لەو سەردانەیدا، جگە لە عادل عەبدولمەھدی، سەرۆكی حكوومەتی عێراق، سەرۆك بارزانی لەگەڵ ھەموو سەركردە باڵا و كاریگەرەكانی عێراق كۆ بووەوە و لە هەردوو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا و فڕۆكەخانەی نەجەف، هاوشێوەی سەرۆكی وڵاتان پێشوازییان لێ كرد.