هێزێكی ئاسایشی یەكێتی: چونە سەر بارەگاكانی تەڤگەر لە رانیەو قەڵادزە بارەگاكانیان داخستن
دوای ئەوەی هێزە ئەمینەكانی سلێمانی بارەگاكانی تەڤگەری ئازادی سەر بە پەكەكە لە سلێمانی و كۆیە, داخست, ئەمشەو هێزێكی ئاسایش چوونەتە سەر بارەگای تەڤگەری ئازادی لە رانییە و قەڵادزێ و بارەگاكانیان داخستووە.
ئەمە لە كاتێكدا یە كە ئاسایشی سلێمانی ماوەی 24 كاتژمێریان بە تەڤگەری ئازادی لە سنووری پارێزگای سلێمانی دوا بۆ ئەوەی بارەگاكانیان دابخات, ئەمشەو لە درێژەی هەڵمەتەكانی داخستنی بارەگاكانی تەڤگەر, هەردوو بارەگای رانیەو قەلادزێ دراخران.
چوونە سەر بارەگاكانی تەڤگەری ئازادی دوای ئەوە دێت، كە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران بڕیاری بۆ داخستنی هەموو ئەو بارەگایانە دەركرد كە لە سنووری پارێزگای سلێمانی كراونەتەوە و مۆڵەتی رەسمییان نییە.
تەڤگەری ئازادی رایگەیاندووە، ئەوان داوای مۆڵەتیان لە وەزارەتی ناوخۆ كردووە و بە گوێرەی یاسای حزبە سیاسییەكان ئەگەر وەزارەت لە ماوەی 45 رۆژدا وەڵامی نەخێر نەداتەوە بە لایەنە سیاسییەكە، ئەوا لایەنەكە وەك حزبێكی مۆڵەتدراو دەتوانێت كار بكات.
تەڤگەری ئازادی جگە لە سنووری پارێزگای سلێمانی لە ناوچەكانی گەرمیانیش بنكە و بارەگایان هەیە.
بەرپرسانی ئەو لایەنە سیاسییە، بەوە تۆمەتبار دەكرێن، كە پشتیوانی لە هێڵی سیاسی پارتی كرێكارانی كوردستان دەكەن.
تەڤگەر ئەوەشی نەشاردووەتەوە، كە بڕیارەكەی قوباد تاڵەبانی لە چوارچێوەی هەوڵەكانی یەكێتی دێت بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانیی لەگەڵ توركیا.