رۆحانی، دان بەخراپی بژێوی هاوڵاتیانی دەنێت، هۆکارەکەشی سزای ئەمریکایە

دوای ئەوەی ئەمریکا سزای بەسەر ئێراندا سەپاند بۆ یەکەمجار حەسەن روحانی سەرکۆماری ئێران راشكاوانە دانی بەبوونی تەنگژەی بژێویی هاووڵاتیانی ئێراندا نا و رایگەیاند كە گه‌لی ئێران كێشه‌ی ئابووری و بژێویان هه‌یه‌، بۆیه‌ له‌ بودجه‌ی ساڵی نوێ ئه‌م بابه‌تایان كردووه‌ته‌ یەكەمین كاری خۆیان.

سەرکۆماری ئێران ئاماژەی بەوەدا كە دانیشتوانی وڵاتەکەی بەهۆی کێشە ئابوورییەکانەوە تووشی گرفتی بژێویی بوونەتەوە، باسی لەوەش کرد لە بودجەی ساڵی نوێدا یەكەمینایەتی دەدەن بەم بابەتە.

لە دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی وڵاتەکەی لە تارانی پایتەخت، حەسەن روحانی لەبارەی سزاکانی ئەمریکا رایگەیاند “سزاکان، فشاری ئابووری و دەرەکی هەن، بەڵام تا ئەگەر ئەو هەنگاوانەی دەهاوێژرێن باش لێک دەدرێنەوە و پێکهاتەی ئابووری بەشێوەیەکی باش دادەمەزرێنرێ، هیچ لەرزین و بوومەلەرزەیەک ناتوانێت کاریگەری لەسەر ژیانی خەڵک هەبێت”.

حەسەن روحانی گوتیشی “ده‌بێت له‌ دژی ئه‌وانه‌ بوه‌ستینه‌وه‌ كه‌ گه‌له‌كۆمه‌كیان له‌ دژی وڵاته‌كه‌مان گێڕاوه‌. گه‌ل كێشه‌ی ئابووری و بژێوی هه‌یه‌ بۆیه‌ له‌ بودجه‌ی ساڵی نوێ ئه‌م بابه‌تانه‌مان كردوونه‌ته‌ یەكەمینە و ئامانجمان ئه‌وه‌یه‌ خه‌ڵك ئاهێكی بێته‌وه‌ به‌به‌ردا”.

Back to top button