نێچیرڤان بارزانی پێشوازی له‌ باڵیۆزو كونسوڵی به‌ریتانیا له‌ هه‌ولێر كرد

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 29ی11ی2018 نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ خاتوو برۆنیس ئێما نیكلسۆن نێردراوی تایبه‌تی سه‌رۆكوه‌زیرانی به‌ریتانیا بۆ كاروباری بازرگانیی ده‌ره‌وه‌ و  جۆن ویكلس باڵیۆزی به‌ریتانیا له‌ عێراق و مارتن وار كونسوڵی به‌ریتانیا له‌ هه‌ولێر كرد.

له‌ دیدارێكدا خاتوو نیكلسۆن خۆشحاڵیی خۆی به‌ پێشكه‌وتنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان دوای تێپه‌ڕاندنی دۆخێكی سه‌خت له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی‌ و ده‌ستخۆشی له‌ حكوومه‌ت كرد بۆ هه‌نگاوه‌كانی دیالۆگ و  په‌یوه‌ندیی هه‌ولێر ـ به‌غدا و چاره‌سه‌ركردنی به‌شێك له‌ كێشه‌كانی نێوانیان. ئاماده‌ییی وڵاته‌كه‌یشی‌ بۆ هاندانی سه‌رمایه‌دارانی به‌ریتانیا بۆ كاركردن له‌ هه‌رێمى كوردستان، به‌شدارى له‌ به‌ره‌وپێشبردنی بواری ئابووریی عێراق و هه‌رێمی كوردستان، پێشكه‌شكردنی پسپۆڕی و به‌سه‌رده‌میانه‌كرنی كه‌رته‌ جیاكانى هه‌رێم، نیشان دا.

لە بەرانبەردا نێچیرڤان بارزانى سوپاسی هاوكارییه‌ مرۆیی و سه‌ربازییه‌كانی به‌ریتانیای بۆ هه‌رێمی كوردستان و پێشوازی له‌ پێشنیاره‌كانی شاندی میوان‌ كرد و تیشكى خسته‌ سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا و دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پشتگیرى له‌ حكوومه‌تی به‌ڕێز عادل عه‌بدولمه‌هدی ده‌كات و هه‌وڵ ده‌دات حكوومه‌تێكی سه‌ركه‌وتوو بێت و سه‌قامگیریی ئابووری و سیاسی و ئه‌منی بگه‌ڕێنێته‌وه‌ عێراق، هه‌رێمی كوردستانیش به‌ سوودوه‌رگرتن له‌و كه‌شه‌ به‌رده‌وام بێت بۆ باشتركردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌غدا‌.

Back to top button