كه‌جه‌كه‌ : یه‌كێتی خۆی بۆ توركیا چه‌ماندووته‌وه‌

كۆما جڤاكێن كوردستان (كه‌جه‌كه) باڵێكی سه‌ربه‌ په‌كه‌كه‌یه‌ له‌باره‌ی داخستنی بنكه‌و باره‌گاكانی ته‌ڤگه‌ری ئازادی له‌ سلێمانی و كه‌لار ، ده‌ڵێت :” یه‌كێتی له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ و فشاری توركیا باره‌گاكانی ته‌ڤگه‌ری ئازادی له‌ سنووری پارێزگای سلێمانی داده‌خات.

هاوسه‌رۆكایه‌تیی كۆنسه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی كۆما جڤاكێن كوردستان “كه‌جه‌كه‌” راگه‌یێندراوێك له‌باره‌ی داخستنی باره‌گاكانی ته‌ڤگه‌ری ئازادی بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاندووه‌، باره‌گاكان له‌ژێر گوشاری حكومه‌تی توركیا‌ داخراون و داواده‌كات یه‌كێتیی په‌ڵه‌ نه‌خاته‌ سه‌ر مێژووه‌كه‌ی و ده‌ستبه‌رداری ئه‌م كاره‌ بێت و له‌ رێبازی مام جه‌لالیش لانه‌دات.

كۆما جڤاكێن كوردستان ڕاشیگه‌یاندووه‌ ” ئه‌و بڕیاره‌ی یه‌كێتی ناكۆكه‌ له‌گه‌ڵ رێبازی مام جه‌لال و رێبازی راست و دروست بۆ یه‌كێتی، رێبازی مام جه‌لاله‌”.

كه‌جه‌كه‌ له‌ به‌یاننامه‌كه‌یدا جه‌ختی كردووه‌ته‌وه‌و ده‌شڵێت:” نابێت یه‌كێتی دژی رێكخستنێكی كورد هه‌ڵوێست وه‌ربگرێت و دژی ئه‌و ته‌ڤگه‌ره‌ بێت، چونكه‌ ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ له‌گه‌ڵ پاراستنی وڵات گونجاو نییه‌”.

تەڤگەری ئازادی لە 17-10-2014 دامەزراوە، 10 بارەگای فەرمی لە هەرێمی کوردستان هەیە. هەشتیان لە سنووری پارێزگای سلێمانی و گەرمیانن، بارەگایەکی لە کورکووک و بارەگایەکیشی لە خورماتوو هەیە، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ نەوەی نوێ بەیەکەوە بەشداری هەڵبژاردنیان کرد و لە چوار کورسی نەوەی نوێ، یەک کورسی پەرلەمانی عێراقی بەدەستهێنا.

به‌ پێی ڕێكه‌وتنێكی نهێنی له‌ نێوان یه‌كێتی له‌ ڕێگه‌ی به‌رهه‌م ساڵح ه‌وه‌ له‌گه‌ڵ مەولوود چاوشئۆغلوو به‌ بیانووی نه‌بوونی مۆڵه‌ت، باره‌گاكانی ته‌ڤگه‌ری ئازادی له‌ سنووری پارێزگای سلێمانی له‌ لايه‌ن ئاسايشی یه‌كێتییه‌وه‌ داخران .

Back to top button