لە بازگەی سەنگاو كه‌سێك به‌ گولـله‌ی هێزه‌كانی ئاسایشی یه‌كێتی و مه‌حمود سه‌نگاوی ده‌كوژرێت

ئەمڕۆ شەممە ١ی ١٢ی ٢٠١٨، لە بازگەی سەنگاوی سەر بە شارۆچکەی چەمچەماڵ لە سنووری پارێزگای سلێمانی، به‌ هاوبه‌شی هێزه‌كانی ئاسایشی یه‌كێتی و هێه‌كانی مه‌حمود سه‌نگاوی تەقە لە ژمارەیەک کەس کرا لەنێو ئۆتۆمبێلێکدا و بەهۆیەوە کەسێک بەناوی شەماڵ ئەحمەد گیانی لەدەست دا و یەکێکی دیکەش بریندار ده‌بیت.

عەبدوڵا سەنگاوی، کەسایەتی دیاری شارۆچکەی چەمچەماڵ و ئامۆزای كوژراوه‌كه‌، گووتی:” ئەو کەسەی لەنێو بازگەی سەنگاو بەتەقەی ھێزە ئەمنییەکان کوژراوە، هاووڵاتییەکی سادەیە و کوڕی شەھیدە و ھیچ کێشەیەکی کۆمەڵایەتی نەبووە، بەڵام لەناو بازگەی سەنگاو، بەتەقەی ھێزێکی ھاوبەشی بازگەکە کوژراوە“.

عەبدوڵا سەنگاوی ئامۆزای كوژراوه‌كه‌ ده‌شلێت:” پێشتر بازگەی سەنگاو پێشتر ھاوبەش نەبووە، بەڵام ”دوێنێ شەو کراوە بە بازگەیەکی ھاوبەش و ھێزی ئاسایش و پۆلیس و پۆلیسی دارستانی لێبووە، بێگومان لەناو بازگەی سەنگاودا لە دووریی ١٠٠ مەتر، سەنگەرێکی ھێزی پێشمەرگەی لێیە کە مەحمود سەنگاوی سەرپەرشتیی ئەو هێزە دەکات، بەڵام ئەو ئامۆزایەی ئێمە کە کوژراوە، سێ کەسی لەگەڵدا بووە و ھەرچەندە ناسراو بوون، چونکە ھەموویان خەڵکی سەنگاو بوون، بەڵام کاتێک چوونەتە نێو بازگەکەوە، تەقەیان لێکراوە و کوژراوە“.

له‌باره‌ی به‌رپرسیاره‌تی ڕوداوه‌كه‌، عەبدوڵا سەنگاوی، کەسایەتی دیاری شارۆچکەی چەمچەماڵ و ئامۆزای كوژراوه‌كه‌ ڕایگه‌یاند: ”ئێستا تەواوی ھێزە ھاوبەشەکەی بازگەی سەنگاو، ڕووداوی تەقەکردنەکە لەئەستۆی خۆیان لادەبەن و حاشای لێ دەکەن، بەجۆرێک ھێزەکانی ناوخۆ دەڵێن، بەتەقەی پێشمەرگەکانی مەحموود سەنگاوی کوژراوە، بەڵام مەحموود سەنگاوی ڕەتی دەکاتەوە کە ئامۆزاکەمان لەلایەن ھێزەکەی ئەو کوژرا بێت، بۆیە ئێمە لەو بەینەدا نازانین پەنجەی تۆمەت بۆ کێ ڕابکێشین؟“.

هه‌روه‌ها عه‌بدوڵا سه‌نگاوی گوتیشی :”شەماڵ ئەحمەد لە بازگەکە ڕای نەکردووە و خۆی چووەتە سەر تەرمەکەی، بەڵکوو ”فیشەک بەر دڵی کەوتووە، ئەمەش مانای وایە کە لە بازگەکە دەرنەچووە و ڕووبەڕوو تەقەی لێ کراوە“. گوتیشی: ”ئەوەی ئێمەی زیاتر نیگەران کردووە، ئەوەیە کە ئەو بازگەیە سەریان لە ئێمە شێواندووە و نازانین کێ ئەو کەسەی ئێمەی کوشتووە؟“.

له‌ئه‌نجامی ته‌قه‌ی هێزه‌كانی ئاسایشی یه‌كێتی لە بازگەی سەنگاوی سەر بە شارۆچکەی چەمچەماڵ و هێزه‌كانی مه‌حمود سه‌نگاوی كه‌سێك ده‌كوژرێت و كه‌سێكی دیكه‌ش بریندار ده‌بێت ،به‌ڵام تائێستا روون نه‌بووه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌گولـله‌ی كێ شەماڵ ئەحمەد كوژراوه‌ ؟ ئاسایشی یه‌كێتی هێزه‌كه‌ی مه‌حمود سه‌نگاوی تۆمه‌تبار ده‌كات و مه‌حمود سه‌نگاویش ئه‌و هه‌واڵه‌ ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌ .

Back to top button