جێگری سەرۆك وەزیران: دەسەڵاتی واژۆ كردنی سەرجەم مامەڵەكان لە بریكاری وەزیری دارایی وەردەگیرێتەوە
دوای ئەوەی جێگری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری ئابووری و وەزیری دارای عێراق لە كابینەی نوێی دەستبەكاربوو, تا ئێستا زۆرترین هەنگاوی بۆ ئەنجامدانی چاكسازی ئەنجامداوە لەم چوارچێوەیەش ئەمڕۆ، چەند دەسەڵاتێك لە بریكاری وەزارەتەكەی وەردەگرێتەوە كە پێشتر پێی درابوو.
بەپێی فەرمانێكی وەزاری، كە میدیا عێڕاقییەكان بڵاویان كردووەتەوە و واژۆی فوئاد حوسێن، وەزیری دارایی عێراق كە هاوكات جێگری سەرۆك وەزیرانە بۆ كاروباری ئابووری بەسەرەوەیە، تێیدا چەند دەسەڵاتێك لە بریكاری وەزارەتەكەی وەردەگرێتەوە.
لە فەرمان وەزارییەكەدا بە نووسراوی ژمارە 2452 لە 27/11/2018، دەرچووە تێیدا هاتووە، “بەپێی ئەو دەسەڵاتەی پێمان دراوە بڕیارماندا بە هەڵوەشاندنەوەی ئەو دەسەڵاتانە كە پێشتر دراوە بە بریكاری وەزارەت”.
هەر لەو فەرمان وەزارییەدا ئەوەش ڕوونكراوەتەوە، كە دەسەڵاتی واژۆ كردنی سەرجەم مامەڵەكان لە بریكاری وەزیری دارایی وەردەگیرێتەوە.
لەكابینەی پێشووی حكوومەتی عێراق، بەهۆی بەتاڵی پۆستی وەزیری دارایی، ئەو دەسەڵاتانە بە بریكاری وەزارەتەكە درابوو.
ئەمە لەكاتێكدایە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوو میدیا عێراقییەكان بڵاویان كردەوە، د. فوئاد حوسێن، بڕیاری دوورخستنەوەی پشكێنەری گشتیی وەزارەتەكەی دەركردووە.
جێی باسە ئەم بەڵگەنامانەی لە میدیاكانی عێراقدا بڵاو كراوەتەوە، تا ئێستە لەلایەن وەزارەتەكەوە پشتڕاست نەكراوەتەوە.