بۆ گفتوگكردن لە بارەی كەركووك و ناوچە كوردستانیە داگیركراوەكان شاندێكی كوردستان دەچێتە بەغدا
دوای دەست بە كاربوونی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق, ئاسایی بوونەوەی پەیوەندیەكانی نێوان هەرێم و بەغدا, ئەم هەفتەیە شاندێك بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی كەركووك و ناوچە كوردستانیەكانیە داگیركراوەكان لە هەولێرەوە دەچێتە بەغدا، بەرپرسێكی پارتیش ئاشكرای دەكات، قۆناغی گەرانەوەی داعش بۆ كەركووك تەواو بووە و بارودۆخەكە بە مەترسیدار ناودەبات.
محەمەد خورشید، ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان دۆخەكە بە ترسناك ناودەبات و دەڵێت: “ئەم بارودۆخە رۆژ بە رۆژ خەراپتر دەبێت، لەڕووی ئەمنیشەوە ئاشكرایە كە داعش ئەو قۆناغەی تێپەڕاندووە كە پێشبینی گەڕانەوەی بۆ بكرێت، چونكە ئێستا داعش گەڕاوەتەوە و لە سنووری ئەو پارێزگایە بوونی هەیە”.
هەروەها گوتی: “ئەم دۆخە وایكردووە كە پێویست بكات دەسەڵاتدارانی بەغداش هێمنتر بیر بكەنەوە، بەتایبەت دوای سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا”.
ئاشكراشیكرد، “لە سەردانەكەی سەرۆك بارزانیدا بۆ بەغدا هەردوو لا بڕیاریانداوە، بۆ گفتوگۆكردنی كێشەكانی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم شاندێك پێكبهێندرێت”، ئاماژەی بەوەشدا، “ئەو شاندە ئێستا لەقۆناغی ئامادەكاریدایە و پێشبینی دەكرێت ئەم هەفتەیە سەردانی بەغدا بكات و بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشەكان، بەفەرمی دەست بە تاوتوێكردنی ئەو بابەتە بكرێت”.
دوای رووداوەكانی 16 ئوكتۆبەر و هێرشی حەشدی شەعبی بۆ سەر ئەو ناوچانە و دانانی پارێزگاری سەپێندراو بۆ كەركووك، رۆژ بەڕۆژ پرۆسەی تەعریب رووی لە فراوانبوون كردووە و عەرەبی هاوردە لە شوێنی كوردەكان نیشتەجێ دەكرێن، ئەمەش بووەتە مەترسییەكی گەورە لەسەر گۆڕینی دیمۆگرافیای ئەو ناوچانە.