پارتی گەڕی دووەمی گفتوگۆكان بۆ پێكهێنانی حكومەت دەستپێدەكات
دوای ئەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان بە مەبەستی پێكهێنانی حكومەت سەردانی هەر یەكە لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕانی كرد, وا بڕیار بەم نزیكانە گەڕی دووەمی سەردانەكانی بۆ لای لایەنەكان دەستپێدەكاتەوە، یەكێتی و گۆڕانیش لە خۆئامادەكردنن تا پاكێجەكانیان لە بارەی بەشدارییان لە كابینەی نۆیەمی حكوومەت, رادەستی پارتی بكەن.
گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی لەسلێمانی و ھەڵەبجە، دەڵێت: “پارتی بەم نزیكانە سەردانەكانی دەستپێدەكاتەوە و سەرجەم پرسەكان یەكلا دەكرێنەوە”.
پێكھێنانی كابینەی نۆیەم، گەرمترین مژاری ئەو لایەنە سیاسییانەیە كە مەیلی بەشدارییان لەحكوومەت ھەیە، ھەریەكە خۆی بۆ وەرگرتنی پۆستە سیادییەكان ئامادەكردووە.
شاندەكەی پارتی دیموكراتی كوردستان، رای گۆڕان و یەكێتی لەسەر كابینەكە بەباشی وەرگرتووە و بەم نزیكانە لە كۆبوونەوەی سەركردایەتی گفتوگۆی لە بارەوە دەكەن، لە گەڕی دووەمی سەردانەكەشیان دوا ھەڵویستی پارتی بە لایەنە سیاسییەكان دەگەیەنن.
گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی لە سلێمانی و ھەڵەبجە روونیدەكاتەوە پاكێجێك لە بارەی میكانیزمی چۆنیەتی پێكھێنانی كابینەی نوێ لە كۆبوونەوەكانیان دەخەنەڕوو.
یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەباشی خۆی ئامادەكردووە، بۆ گفتوگۆ و دانوستان، تا ئەو پۆستانەی ھەوڵیان بۆ دەدات بەدەستیان بینێت، بەشێك لە سەركردەكانیشان پێیانوایە گفتوگۆ و دانوستانەكان دواكەوتوون و بە پێویستی دەزانن بەزوویی رێككەوتن بكرێت.
گۆڕان ھێشتا كۆنەبووەتەوە، بەڵام خۆی یەكلاكردووەتەوە گەر پرسی سەرۆكایەتی ھەرێم بھێنرێتەوە بەر باس، ئەوە پۆستی جێگری سەرۆكی ھەرێم و جێگری سەرۆكی حكوومەت و جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانیان ئەوێت، یەكێتیش داوای سەرۆكی پەرلەمان و جێگری سەرۆكی حكوومەت دەكات، بەڵام بەو مەرجەی یەك جێگری ھەبێت.