سەدر هۆشداری دەداتە عادل عەبدولمەهدی, پیلانگێڕی لە ئارادایە
دوای تێپەڕینی نزیك بە دوومانگ بەسەر راگەیاندنی كابینەی نوێی عێراق, تا ئێستا بە هۆی ناكۆكی سیاسی نەتوانراوە, كاندید بۆ چەند پۆشتێك دیاری بكرێت, موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر لەو بارەیەوە هۆشداری دەداتە سەرۆك وەزیران و دەَێ:” گوێنەدەیتە ئەو پیلاندارێژیانەی بۆ پۆستەكان هەیە”.
موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە نامەیەكدا هۆشداری دەداتە عادل عەبدولمەهدی، سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و داوای لێ دەكات، “گوێ بەو پیلانڕێژیانە نەدات كە لەپشت پەردەكانەوە بۆ دابەشكردنی پۆستەكان دادەڕێژرێن”، چونكە وەك سەدر دووپاتی دەكاتەوە، چەند دەستێكی نهێنی لەپشت پەردەكان بۆ گەڕاندنەوەی عێراق بۆ چوارچێوەی گەندەڵی تێكەڵ بەیەك كراون.
هەروەك لە پەیامەكەیدا سەدر ئەو هێزانەی بە “پاڵەوان” ناوبردووە كە خاكی عێراقییان لە دەست چەكدارانی داعش رزگاركردووە و داوای لە عەبدولمەهدی كردووە، “هەردوو پۆستی وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ بەو كەسانە بدرێت كە لە رزگاركردنی وڵات لەدەست داعش بەشدار بوون”.
ئەمە لەكاتێكدایە، بەهۆی ناكۆكی لایەنە سیاسییەكانی عێراق، هێشتا پۆستی 8 وەزارەت لە كابینەی نوێی حكوومەت بە سەرۆكایەتی عادل عەبدولمەهدی یەكلایی نەكراونەتەوە و لایەنەكان لەسەری نەگەیشتوونەتە رێككەوتن، لەناویشیاندا هەردوو وەزارەتە ئەمنییەكانی “بەرگری و ناوخۆ”.