شەپۆلێكی تری باران بارین روو لە هەرێمی كوردستان دەكات
دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوو لە چەند ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان بارانێكی بە خوڕ باری كە بووە هۆی لافاو لە چەند ناوچەیەك, بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كەشناسی و بوومەلەرزەزانیی ھەرێمی كوردستان سەرجەم ھاووڵاتییان لەوە ئاگادار دەكاتەوە، كە شەپۆلێكی دیكە ڕوو لە ھەرێمی كوردستان دەكات.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كەشناسی و بوومەلەرزەزانیی ھەرێمی كوردستان ڕاگەیاندراوێكی لە پەیجی فەرمیی خۆی، لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاو كردەوە، تێیدا ھاتووە: “ھەرێمی كوردستان دەكەوێتە ژێر كاریگەریی نزمە پاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست، لە دوای نیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە بەرواری 4/12/2018 سەرەتای بارانبارین لە بەشەكانی باكوور و ڕۆژئاوای ھەرێمی كوردستانەوە دەست پێ دەكات”.
باس لەوەش كراوە، كە لە ڕۆژی چوارشەممە 5/12/2018وە، كاریگەریی شەپۆلە بارانبارینەكە كار دەكاتە سەر تەواوی ناوچەكەمان و لە ھەندێك كاتدا ھەورە تریشقەی لەگەڵدا دەبێت.
كەشناسیی ھەرێمی كوردستان ئەوەشی خستووەتە ڕوو، كە لە كاتی ھاتنی ئەم شەپۆلە، بارستە ھەوایەكی نیمچە ساردیش ڕوو لە ناوچەكەمان دەكات، پلەی گەرما نزم دەبێتەوە، لەگەڵ بارینی بەفر لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەكاندا، پێشبینیش دەكرێت كاریگەریی ئەم شەپۆلە تا ڕۆژی ھەینی 7/12/2018 بەردەوام بێت.