عارف روشدی: كابینەی داهاتووی حكومەت گۆڕانی ریشەی تێدا دەبێت
دوای ئەوەی ئەمڕ پارتی دیموكراتی كوردستان بڕیاریدا مەسروور بارزانی بۆ كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم دیاری بكات,راوێژكارێكی مەكتەبی سیاسی پارتی بڕوای خۆی نیشاندەدات بەوەی لە كابینەی داهاتوودا گۆڕانكاری بنەڕەتی لە هەموو ئاستەكان بێتە ئاراوە.
عارف روشدی راوێژكاری مەكتەبی سیاسی پارتی رایگەیاندووە: “پێم وایە لە كابینەیەی حكومەتدا گۆڕانكاری لە هەموو ئاستەكاندا دەكرێن، هەروەك چۆن لە پەرلەمان گۆڕانكاری ریشەیی كرا و جگە لە چەند كەسێكی كەم، زۆرینەی كەسەكان گۆڕدران، لە كابینەی داهاتووشدا گۆڕانكاری بنەڕەتی دەكرێت لە پۆستە ئیداریەكان و بەرپرسیارێتیە گرنگەكاندا.
عارف روشدی وێڕای تەئكید كردنەوە لەوەی لە ناو پارتیدا و لە دەرەوەی بنەماڵەی بارزانی كەسانی لێهاتوو زۆرن بۆ وەرگرتنی پۆستەكانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم و سەرۆكی هەرێم، باسی لەوەكرد، مەسرور بارزانی و نێچیرڤان بارزانی دوو كاراكتەری خوێندەوار و لێهاتوون لە ناو پارتی و لەسەر ئەو بنەمایەش كاندید كراون بۆ ئەو دوو پۆستە.