قوباد تاڵه‌بانی: تا سێ مانگیتر سه‌ردار قادر پارێزگاره‌

خواكوڕك

دوای ئه‌وه‌ی کەریم سنجاری وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێم ماوه‌ی كۆتایی وه‌كاله‌تی سەردار قادر وەک پارێزگاری سلێمانی راگه‌یاند، جارێکی تر ئاسۆ فەرەیدون پارێزگاری سلێمانی دەستبەکاربووه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ ته‌نیا بۆماوه‌ی یه‌ك رۆژ بوو.

دوێنی لەلایەن ئاسۆ فەرەیدون پارێزگاری سلێمانی داواكاریه‌ك بۆ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زویران به‌رزكرایه‌وه‌ بۆ پێدانی یه‌ك ساڵ مۆڵه‌تی بێ مووچه‌، ئه‌م داواكاریه‌ش له‌لایه‌ن خه‌ڵكی سلێمانیه‌وه‌ بووه‌ مایه‌ی سه‌رسوڕمان و جارێكیتر پرسی پارێزگاری شاره‌كه‌ و چاره‌نووسی د.هه‌ڤاڵ له‌ نێوه‌نده‌دا كه‌وته‌وه‌ به‌رباس.

سه‌رچاوه‌ هه‌واڵیه‌كان باس له‌وه‌ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌مرۆ سێشه‌ممه‌ 1/11/2016 قوباد تاڵه‌بانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕەزامەندی دەربڕیوه‌ لەسەر مۆڵەتى بێ موچەى یەک ساڵی ئاسۆ فەرەیدون و سەردار قادریش بە ڕاپەڕاندنی کاروبارەکانی پارێزگاری سلێمانی راسپاردووه‌.

یاساناسێكیش ده‌ڵێت، كێشه‌ی پارێزگاری سلێمانی زۆر بێ واتایه‌، ناكرێ جێگری پارێزگا سێ مانگ به‌وه‌كاله‌ت پۆستی پارێزگاری وه‌رگرتبێت، پاشان جارێكیتر ئه‌و پۆسته‌ بۆ سێ مانگی دیكه‌ وه‌ربگرێته‌وه‌.

ئه‌و یاساناسه‌ ده‌پرسێت، ئه‌ی دوای سێ مانگی دیكه‌ چی؟ دیسانه‌وه‌ سه‌ردار قادر بۆ جاری سێیه‌م ده‌بێته‌وه‌ پارێزگاری سلێمانی به‌ وه‌كاله‌ت؟

Back to top button