سەرۆك بارزانی پێشوازی لە نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان دەكات
ئهمڕۆ سێشەممە 4ـی 11ـی 2018 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە یان كۆبیچ نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان كرد.
لەو دیدارەدا كە نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بەبۆنەی كۆتایهاتنی ئەركەكانی لە عێراق و ماڵئاواییكردن، سەردانی سەرۆك بارزانیی كردبوو سوپاسی سەرۆك بارزانی و حكوومەتی هەرێمی كرد كە لەماوەی كاركردنیدا پشتیوان و هاوكاری بوونە و هەروەها پێزانینی بۆ ڕۆڵ و پێگەی سەرۆك بارزانی هەبوو و ڕایگەیاند كە لە ئەوروپا و لە ڕۆژئاوادا بە چاوێكی بەرز سەیری پێگە و مێژوو و خەباتی سەرۆك بارزانی و خانەوادەی بارزانی دەكرێت.
لە بەشێكی تری ئەو دیدارەدا نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان ڕۆشنایی خستەسەر پڕۆسەی سیاسیی عێراق و سەردانی سەرۆك بارزانیی بۆ بەغدا بە گرنگ و ئیجابی وەسف كرد و ئاماژەیشی بەوەدا كە ئەو سەردانە لە لایەن عێراقییەكانەوە بە وەرچەرخانێك بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و مایەی ئومێد لە قەڵەم دراوە و بە پێویستیشی زانی ئەو دەرفەتەی كە لەدوای سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا هاتووەتە ئارا بقۆزرێتەوە و بەغدایش وەڵام و هەنگاوی ئیجابی بهاوێژێت لەبارەی سنوور و نەوت و كێشەكانی تری نێوان هەرێم و بەغدا. هەروەها پیرۆزبایی بڕیارەكەی پارتی دیموكراتی كوردستانی كرد لە دیاریكردنی كاندید بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكوومەتی داهاتووی كوردستان و دووپاتیشی كردەوە كە حكوومەتی ئایندەی كوردستان حكوومەتێكی كارا و بەهێز دەبێت.
لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی سوپاسی ئەرك و ماندووبوونەكانی نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانی كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست. لەبارەی پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا و سەردانەكەی بۆ بەغدا، سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە لە گشت قۆناغەكاندا پەیامی ئێمە پەیامی ئاشتی و دیالۆگ و لێكتێگەییشتن بووە بۆ چارەسەری كێشەكان و لەدوای هەڵبژاردنەكانی عێراق و پێكهاتنی حكوومەتی تازە كەشوهەوایەكی تازە و ئومێدێكی نوێ دروست بووە و بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیش پێویستە قەناعەت بە دیالۆگ و زمانی ئاشتی هەبێت و لە هەمانكاتیشدا نیازپاكی بۆ چارەسەر هەبێت. دیالۆگ و ئاشتیخوازیی ئێمەیەش نابێ لەسەر حسابی پڕەنسیپ و بابەتە ستراتیژییەكانی ئێمە بێت.
سەرۆك بارزانی لە درێژەی وتەكانیدا پاڵپشتیی خۆی بۆ حكوومەتی عادل عەبدولمەهدی دووپات كردەوە و هیوای ئەوەی خواست كە ئەو حكوومەتە بتوانی كێشەكان چارەسەر بكات و خزمەتگوزاری پێشكەشی خەڵك بكات. لەبارەی حكوومەتی ئایندەی هەرێمیش سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپات كردەوە كە دروشمی ئێمە كوردستانێكی بەهێزە و لەوە دڵنیاین كە حكوومەتی ئایندە حكوومەتێكی بەهێز دەبێ و لە خزمەتی خەڵك دەبێت و خەڵكی كوردستانیش پێشوازی لە بڕیارەكانی پارتی كردووە بۆ دیاریكردنی هەردوو كاندیدی سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكوومەت.