رۆژی دووشەممه كرایە پشوو
لەگەڵ ئەوەی لە ئێستادا دەنگۆی گەڕانەوەی داعش بۆ ناوچە كوردستانیە داگیركراوەكان و چەند پارێزگایەكی عێراق زیاتر دەبیتسرێت و مەترسیەكان لەسەر زاری بەرپرسانی باڵای حكومەتی عێراق دەگوترێن,بەبۆنەی ساڵڕۆژی سەركەوتنی كۆتایی بەسەر داعشدا، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا، ڕۆژێكی هەفتەی داهاتوو، بكات بە پشوو.
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بەسەرۆكایەتی عادل عەبدولمەهدی، بڕیاری دا، ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو 10/12/ 2018 پشووی فەرمی بێت.
پشووەكە بەبۆنەی یەكەم ساڵڕۆژی سەركەوتنە بەسەر ڕێكخراوی توندڕەوی داعش، كە ماوەی زیاتر لە سێ ساڵ چەندین پارێزگا و شار و شارۆچكەی داگیر كردبوو.
داعش لە ناوەڕاستی حوزەیرانی 2014 توانی شاری مووسڵ داگیر بكات، بەدوایدا چەندین شار و شارۆچكەی داگیر كرد، تا لەكۆتاییەكانی ساڵی 2017 بەهاوكاری هێزەكانی پێشمەرگە و هێزی هاوپەیمانی دژ بە داعش بەسەركردایەتی ئەمریكا، توانرا دواهەمین شار كە مووسڵ بوو، ڕزگار بكرێت.