نزار مه‌حمود : پێویسته بزانین خۆمان داوای چی دەکەین و به‌رامبه‌رمان داوای چی دەکات
نزار مەحمود، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان ڕاگەیاند: “جڤاتی نیشتمانیی بڕیاری بەشداریکردن یان نه‌كردنی گۆڕان لە کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دیاری ده‌كات“.
ئەندامه‌كه‌ی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان ده‌شڵێت:” گۆران بڕیاریان نەداوە بۆ ھەتاھەتایە ئۆپۆزسیۆن بن و بڕیارشیان نەداوە بەھەر شێوەیەک بێت، بەشداری لە حکوومەت بکەین، بەڵکوو پێویسته بزانین خۆمان داوای چی دەکەین وبهرامبهرمان داوای چی دەکات، ناتوانین پێشوەخت بڕیار لەسەر ئەو پرسە بدەین“.
لەبارەی بەشداریکردن یان نەکردنی کۆمەڵی ئیسلامیی لە حکوومەت، کار لە بڕیارەکەی گۆڕان دەکات؟ نزار مەحمود ، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان ده‌ڵێت : ”ئێمە و کۆمەڵی ئیسلامی، جۆرێک لە ھەماھەنگیان ھەیە، زۆرجار بۆ ھەندێک پرسی چارەنووسساز ڕاوێژ بە یەکتری دەکەین، بەڵام ئەوان حزبێکی جیاوازن و ئێمەش حزبێکی جیاوازین، هه‌ردوولامان خوێندنه‌وه‌ی جیاوازمان هه‌یه، ئێمە تەداخولی ئیش و کارەکانی کۆمەڵی ئیسلامی ناکەین“.
بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان ساڵى ۲۰۰۹ له‌سه‌ر ده‌ستى نه‌وشیروان مسته‌فا دروست بوو، له‌و كاته‌وه به‌شدارى پرۆسه‌ى سیاسیى و په‌رله‌مانى كوردستان ده‌كات، له ۱۹ى ئایارى ۲۰۱۷دا نه‌وشیروان مسته‌فا كۆچى دوایى كرد ، له یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنى دواى ئه‌ویشدا له ۱۲ى ئایاری ئه‌مساڵ بۆ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان له ۳۰ـی ئه‌یلول ، گۆڕان شكستێكى گه‌وره‌ى خوارد.