بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان : سلێمانی بووه‌ته‌ قوربانی ململانێكانی یه‌كێتی و په‌كه‌كه‌

جەبار مەلا ئەمین، ئەندامی جڤاتیی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان ڕاگەیاند: “یەکێتی سیاسەتی خۆی گۆڕیوە و لەپێناو بەرژەوەندییەکانی خۆی دەیەوێ لە تورکیا نزیک ببێتەوە، بۆیە دەستی کردووە بە داخستنی بارەگاکانی تەڤگەری ئازادی، ھەرچەندە جەماوەری یەکێتی بەوە ڕازی نین، بەڵام سەرکردایەتیی یەکێتی ئەو کارەی کردووە، دواجار ھەر حزبێکی سیاسی لە نەیار و داگیرکەرەکانی کورد نزیک ببێتەوە، بۆ ئایندە ئەو حزبە زیان لە خۆی دەدات، بێگومان یەکێتیش بەھۆی نزیکبوونەوەی لە تورکیا زیانی بەر دەکەوێت”.

ئەندامه‌كه‌ی جڤاتیی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان گووتی:” بەھۆی ململانێیە سیاسییەکانی یەکێتییەوە ”خەڵکی شاری سلێمانی ماندوو بوون و شارەکەش خنکێنراوە و لەچاو شاری ھەولێر، خزمەتگوزاریی پێویستی بۆ نەکراوە“. گوتیشی: ”سلێمانی بێ پڕۆژەی خزمەتگوزراییە، ھەرچەندە شارەکە بەو ململانێیە سیاسییانە ڕاھاتووە، بەڵام پێویستە یەکێتی و پەکەکە و حزبەکانی دیکە، سلێمانی نەکەنە قوربانیی ململانێیە سیاسییەکانی خۆیان”.

جەبار مەلا ئەمین ئەندامی جڤاتیی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان ده‌ڵێت: “خەڵکی شاری سلێمانی ھۆشیارە، ڕەنگە کاتی ئەوە ھاتبێ دانیشتووانی شارەکە ھەڵوێستی خۆیان بەرامبەر یەکێتی ھەبێت، یان بڵێن، ئێوە بۆچی بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ ئێمەدا دەکەن و بۆچی ململانێکانی خۆتان دەھێننە ناو شاری سلێمانی؟“

هه‌روه‌ها جەبار مەلا ئەمین ده‌شڵێ:” ئەگەر هەیە خەڵکی شاری سلێمانی ئەو ململانێیە سیاسییە قەبووڵ نەکەن، چونکە ”ناکرێ چەند کەسێک لە سلێمانی بڕیار بدەن و خەڵکی شارەکە باجەکەی بدات”.

دوای ئه‌وه‌ی یه‌كێتی باره‌گاكانی ته‌ڤگه‌ری ئازادی داخست و چه‌ندین دۆسێی تایبه‌ت به‌ چالاكی و جموجۆڵ و مۆڵگه‌كانی په‌كه‌كه‌ی له‌سنوری پارێزگای سلێمانی راده‌ستی حكومه‌تی توركیا كرد، شاندێكی په‌كه‌كه‌ په‌یامی (جه‌میل بایک و موراد قه‌ره‌یلان)یان گه‌یاندووه‌ به‌ بافڵ تاڵه‌بانی و لاهور جه‌نگی و ده‌ڵێن:  هه‌ر شتێکی نائاسایی ببینین، قبوڵی ناکه‌ین.

Back to top button