لە سلێمانی تەقە لە پۆلیسێك كرا كوژرا
دوای ئەوەی بە ئارپیجی هێڕشكرایە سەر بارەگای بەرەنگار بوونەوەی توندوو تیژی دژ بە ژنان لە سلێمانی دوێنێ بە دەمانچەی بێدەنگ تەقە لە دكتۆرێك كرا, ئەمڕۆش لە گەڕەكی راپەڕینی شاری سلێمانی پۆلیسێك لەلایەن چەند كەسێكەوە تەقەی لێدەكرێت و دەستبەجێ دەكوژرێت.
نەقیب سەركەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی لەو بارەیەوە رایگەیاندووە “ئەمڕۆ لە گەڕەكەی راپەڕینی شاری سلێمانی هێرش كرایە سەر پۆلیسێك و كوژرا” و ئاماژەی بەوەشدا، “كاتێك دەستڕێژی گوللـە كراوەتە سەری، ئەو پۆلیسە لەدەوامی فەرمی نەبووه و لەناو ئۆتۆمۆبیلەكەی بووە” و روونیشیكردەوە، “بەگوێرەی لێكۆڵینەوە سەرتاییەكان پۆلیسەكە بەهۆی كێشەیەكی كۆمەڵایەتی كوژراوە”.
سەبارەت بە چۆنیەتی كوشتنی پۆلیسەكەش، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، “بكوژان لەناو ئۆتۆمۆبیلێكدا تەقەیان لەو پۆلیسە كردووە”.
هەر لە بارەی رووداوەكە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی لە راگەیەنداروێكدا وردەكاری زیاتری خستەڕوو، ئەمەش دەقی راگەیەندراوەكەیە:
“پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ٥-۱۲-۲۰۱۸ كارمەندێكی بەشی پۆلیسی فریاكەوتن لەڕێگەی گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە لە ئۆتۆمبێلێكەوە تەقەی لێ كرا و گیانی لەدەستدا. دوای تەواوبونی دەوامی فەرمی و لە ڕێگەی گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە ڕێپێدراوی هەشت (ل. ئ. ح) كارمەندی بەشی پۆلیسی فریاكەوتنی سەر بەبەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لەلایەن ئۆتۆمبێلێكەوە لەگەڕەكی ڕاپەڕینی شاری سلێمانی تەقەی لێ دەكرێت و لە ئەنجامدا گیان لەدەست دەدات. پاش ڕوداوەكە هێزەكانی پۆلیسی فریاكەتن و بەڵگەی تاوان گەشتنە شوێنی ڕوداوەكەو كەشف و هێڵكاری شوێنی ڕوداوەكە كراو، تەرمەكەی ڕەوانەی پزیشكی دادوەری سلێمان كرا، لە ئێستادا لێكۆڵینەوە دەستی پێ كردوەو پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ ڕوداوەكە كراوەتەوە”.