سەرۆكی ئەركانی سوپای رووسیا: ئەمەریكا هەوڵدەدات كیانێكی كوردیی سەربەخۆ و دابڕاو لە دیمەشق لە باكووری سووریا دابمەزرێنێت.
لەگەڵ ئەوەی كێشەكانی نێوان ئەمریكا و رووسیا تا دێت, پەرەدەسێنێت لە ئێستادا رۆژئاوای كوردستان بووەتە چەقی بەریەك كەوتنی ئەو دوو وڵاتە زلهێزەی جیهان, گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیاش دەڵێت:” كردەوە گوماناوییەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بە سەرۆكایەتی ئەمەریكا وامان لێدەكات نیگەرانیمان زیاتر بێت.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا راشیگەیاند، ئێمە لەو بڕوایەداین بوونی ئەمەریكا لە سووریا ناشەرعییە و هەوڵێكە بۆ یاریكردن بە كارتی كورد و دابەشكردنی سووریا، هەرچەندە ئەوان لە گوتاری رەسمی خۆیاندا پابەند بوونیان بە یەكپارچەیی خاكی سووریا دووپاتدەكەنەوە.
ئەم قسانەی ماریا زاخارۆڤا لە كاتێكدایە هەر ئەمڕۆ، سەرۆكی ئەركانی سوپای رووسیا، جەنەراڵ ڤالێری گیراسیمۆڤ، رایگەیاند، ئەمەریكا هەوڵدەدات كیانێكی كوردیی سەربەخۆ و دابڕاو لە دیمەشق لە باكووری سووریا دابمەزرێنێت.
گیراسیمۆڤ، لە وتەیەكدا كە لەبەردەم لێكۆڵەرانی سەربازی بیانی قسەی كرد، گوتی: رەوشی رۆژهەڵاتی فورات نا ئارامە. ئەمەریكا هەوڵدەدات گرەو لەسەر پرسی كوردانی سووریا بكات بۆ دامەزراندنی كیانێكی نیمچە دەوڵەتی سەربەخۆ لە دیمەشق. ئەوان هەوڵدەدەن حكومەتێك بە ناوی فیدراڵیەتی دیموكراتی لە باكووری سووریا درووست بكەن.
سەرۆكی ئەركانی سوپای رووسیا، جەنەراڵ ڤالێری گیراسیمۆڤ
هەروەها گوتی: ئەمەریكییەكان لە رێگەی پێدانی ئامێر و كەرستەی سەربازییەوە پشتیوانی ئاراستەی جیاخوازی كوردەكان دەكەن و رێگەیان پێدەدەن تەنگ بە هۆزە عەرەبەكان هەڵبچنن.
سەرۆك ئەركانی سوپای رووسیا گوتیشی: چەكدارانی داعش ئێستا تەنیا لە رۆژهەڵاتی فوراتدا ماوون، كە ناوچەكە بە گشتیی لە ژێر كۆنترۆڵی ئەمەریكادایە.
روونیشیكردەوە، لە دیسەمبەری ساڵی رابردوو، پرۆسەی سەربازی بۆ كۆتایهێنان بە یاخیبووەكانی سووریا كۆتایی هاتووە. بەڵام لە ئێستادا چەكدارانی داعش تەنیا لە رۆژهەڵاتی فوراتدا ماوون. باقی چەكدار و گرووپەكانی دیكە بە سەركردایەتی بەرەی نووسرە، لە ناوچە نیمچە ئارامەكانی ئیدلب گیرساونەتەوە.
جەختیشی لەسەر ئەوە كردەوە، شانە نووستووەكانی داعش لە ناوچەكانی رۆژهەڵاتی فورات دەستیان بە جموجۆڵ كردووەتەوە.
ئاماژەشی بۆ ئەوە كرد، ئەمەریكا و هێزەكانی سووریای دیموكرات ناتوانن كۆنترۆڵی رەوشی ناوچەی هەجین بكەن، كە هێشتا داعش تێیدا باڵا دەستە.