ژەنەراڵێكی ئەمریكا لەبەردەم كۆنگرێس شوێنی ئەبووبەكر بەغدادی ئاشكرا دەكات
لەیەكەم دەركەوتنی وەك كاندید بۆ پۆستی سەرۆكایەتی فەرماندەیی ئەو وڵاتە ژەنەراڵ فرانك ماكنزی، كە كاندیدی دۆناڵد ترەمپە, شوێنی ئەبوبەكر بەغدادی، سەركردەی رێكخراوی داعشی ئاشكرا كرد.
ماكنزی لەمیانەی ئامادەبوونی لە كۆبوونەوەی كۆنگرێسی وڵاتەكەی كە تایبەت بوو بە دامەزراندنی لە پۆستە نوێیەكەی، دووپاتیكردەوە، “بەغدادی كەسێكی زۆر ترسنۆكە، بۆ رزگاركردنی ژیانی خۆی لە مردن، بەردەوام لە بیابانەكانی نزیك رووباری فورات لە ناوچە سنوورییەكانی نێوان عێراق و سووریا لەراكردندایە”.
ماكنزی گوتی: “زیانی زۆر گەورە بە تواناكانی بەغدادی گەیشتوون”، ئاماژەی بەوەشدا، “هیچ كاتێكی دیاریكراو و خشتەیەكی كاتی نییە بۆ دەستگیركردن یاخۆد كوشتنی بەغدادی”.
ئەو ژەنەراڵە ئەمەریكییە كە پێشبینی دەكرێت متمانەی كۆنگرێس بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە بەدەست بهێنێت، روونیكردەوە، “هەڵمەتەكانی سەربازی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بۆ لەناوبردنی پاشماوەكانی ئەو رێكخراوە بەردەوامن”، ئاماژەی بەوەشدا، “ئەو رێكخراوە ئێستا هەست بە دڵەڕاوكێ و نیگەرانی زۆر دەكات و نازانێت ئاخۆ بۆماوەی كاتژمێرێكی دیكە دەژیت یانیش دەمرێت”.