دەستەی مافی مرۆڤی هەرێم دژ بە بڕیاری بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر هاتەدەنگ كە بەشی VIP بۆرایی كردنی مامەڵەی هاوڵاتیان بە پارەیەكی زیاتر كردۆتەوە
دوای ئەوەی دوێنێ بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی هاتۆچۆی هەولێر ریگەیاند كە بەشی VIP بۆ ڕاییكردنی مامەڵەی هاووڵاتیان بە پارە كردۆتەوە، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێمی كوردستان, دژ بەو بڕیاریە هاتەدەنگ و بۆ ئەو مەبەستە بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە.
(خوكوڕك) بەیاننامەیەكی دەستەی مافی مرۆڤی دەست كەوتووە كە دەَێت: “بڕیاری كردنەوەی بەشی VIP لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر بۆ ڕاییكردنی مامەڵەی هاووڵاتیان لەبەرامبەر وەرگرتنی بڕی 100 هەزار دینار، پێچەوانەی بەرنامەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە كە پێشتر ڕایگەیاندووە”.
ئاماژە بەوەش دراوە، كە ئەو بڕیارەی هاتوچۆی هەولێر ڕاگەیاندنێكی ئاشكرایە بۆ دروستكردنی جیاوازی لەنێوان ئەو هاووڵاتیانەی كە توانای داراییان باشە لەگەڵ ئەوانەی كەم درامەتن، ئەوەش دەبێتە هۆی دروستكردنی جیاوازی چینایەتی و پێچەوانەی بنەماكانی مافی مرۆڤە.
لە كۆتاییدا دەستەكە ڕایگەیاندووە، كە تەواوی بڕیارەكە ڕەت دەكەنەوە و داواش دەكەن هەرچی زووە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر، بەشەكە هەڵبوەشێنێتەوە.
ئەو بەیاننامەی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ هاوكاتی نووسینێكی زانا مەلا خالید پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستانە لەپەڕەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (فەیسبوك) كە نووسیویەتی: “وەرگرتنی ئەم بڕە پارەیە لەلایەن هاتوچۆی هەولێر، بڕیاریكی نایاساییە و جیاكارییەكی زەقی ناڕەوایە، كە لە نێوان هاووڵاتیاندا دەكرێت، بۆیە پێویستە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر بە زووترین كات ئەو بڕیارە ڕابگرێت”.