پارتی پێنەدانی وەزارەتێك بە یەكێتی لە بەغدا پەیوەندی بە ئێمەوە نیە, خۆیان نەیان توانیوە قەناعات بە سەرۆك وەزیران بێنن

دوای ئەوەی عادل عەبدولمەهدی رۆژی سێشەممەی رابردوو ناوی هەشت كاندیدی بۆ وەزارەتە تەواو نەكراوەكان رادەستی پەرلەمانكرد بۆ ئەوەی متمانەیان پێببەخشن, لە نێو كاندیدەكان دەردەكەوێت كە وەزارەتی داد وەك پشكی كورد بەر پارتی دیموكراتی كوردستن دەكەوێت, ئەندامێكی سەركردایەتی پارتییش دەڵێت:” پێنەدانی وەزارەتی داد لە كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق بە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان پەیوەندی بە ئێمە نیە”.

بڵند ئیسماعیل، ئەندامی سەركردایەتی پارتی رایگەیاندووە، “پێنەدانی پۆستی وەزارەتی داد لە حكوومەتی عێراق بە یەكێتی، هیچ پەیوەندییەكی بە پارتییەوە نییە و یەكێتی خۆی نەیتوانیوە قەناعەت بە عادل عەبدولمەهدی بهێنێت، كە وەزارەتی دادی پێ بدات” و دووپاتیش دەكاتەوە، “لەكاتێكدا ئەو بابەتە هیچ پەیوەندییەكی بە پارتییەوە نییە، ئێمە پێمان وایە یەكێتی پشكی خۆی لە حكوومەتی عێراق بەدەستهێناوە”.

ئەو بەرپرسەی پارتی گوتیشی: “ئەوەی لە دانیشتنی دوێنێی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر پۆستە وەزارییەكان لەنێوان كوتلە سیاسییەكانی عێراق روویدا، هیچ كاریگەرییەكی لەسەر پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان نابێت”.

شایەنی باسە, دابەشكردنی پۆستەكانی حكوومەتی عێراق ئاڵۆزی خستوەتە نێوان لایەنە كوردستانی و عێراقیەكان, تائێستا بەهۆی ناكۆكییە سیاسی و مەزهەبییەكان پۆستی 8 وەزارەت بە هەلواسراوی ماونەتەوە و نەتوانراوە یەكلایی بكرێنەوە.

Back to top button