هەوڵی كودەتا لە نێو یەكێتی و كش و ماتی بافێل بە دەستی لاهور
یاد سریشمەیی
پەرتەوازەی لە گوتاری سیاسی و ناڕوونی روئیایی سیاسی ئەو حزبە و پەشێوی نێو دیسپلینەكانی یەكێتی لە دوای كۆچی دوای جەلاڵ تاڵەبانی سكرتێری یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە نێو یەكێتی زۆر بە زەقی دەركەوتن, تا دێت بە قۆرغكردنی دەسەڵاتی بڕیاردان و سەروەت و سامان و راگەیاندنی ئەو حزبە لە لایەن چەند گەنجێكی نێو بنەماڵەی تاڵەبانی خۆری هەموو دامەزرێنەرو بەرپرسانی یەكێتی ئاوا دەبێت, جگە لەوانەی كە ئامادەن بچنە ژێر باری بڕیارەكانی ئەو گەنجانە.
ئێستا یەكێتی بە قۆناغێكدا تێدەپەڕێت, كە گرووپێك لە دەرەوەی رێكخستنەكانی ئەو حزبە هەیمەنەی خۆیانیان سەپاندووە بەسەر بڕیارەكانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی ئەو حزبە, بە جۆرێك لە دەرەوەی فۆڕمو دیسپلینە حزبیەكان یەكێتی ئاراستە دەكەن, تەنانەت ئەو دەنگە ناڕازیانەی پێشوتر دژ بەو هەوڵەی بنەماڵەی تاڵەبانی یان روونتر بڵێم گرووپی خیانەتكاری ناو یەكێتی لە نێو یەكێتی هەبوو ئێستا لاوازتر دەبیسترێت.
تموحی وەدەستگرتنی زۆرترین دەسەڵات لە نێو یەكێتی ئەگەر لە ماوەی رابردوو لە گرووپێكی گەنج بینرابێت, ئێستا لە نێو خودی ئەو گرووپە ناكۆكی و مڵملانێ لەسەر پلە و پۆست و پارە دەردەكەوێت بە جۆرێك لە نێوان كوڕانی تاڵەبانی و شێخ جەنگی ناكۆكیەكان بە جۆرێكە كەمتر نیە لە ناكۆكی نێو باڵەكانی دیكەی یەكێتی یانژی خەریكە هەمان نەهج و بەرنامەی باڵ باڵێنی پێشوتری ناو یەكێتی دەكەوێتە نێو گرووپی خیانەتكار.
لەبەر ئەوەی لاهور جەنگی برازای جەلال تاڵەبانی پارەو پۆست و میدیا و زۆرێك لە پەیجەكانی یەكێتی لە سۆشیاڵمیدا لە ژێر دەستدایە, لە رێگەی پارەو میدیاوە دەیەوێت دەسەڵاتی یەكێتی بە ئاراستەی خۆیدا كەمەندكێش بكات, بۆیە دەبینین لەو ماڵپەرو پەیجانەی لە لاهورەوە نزیكن بە شوێنگرەوەی مام جەلاڵ ناوی دەبرێت, یان لە رێگای قەلەمێك لە هەوڵی زەمینەسازی بۆ زاڵكردنی هەیمەنەی لاهور بەسەر كوڕانی تاڵەبانی دەكرێت, دەبینین دەمێكە داوا دەكرێت (جڵەوی یەكێتی بدەنە دەست لاهوور).
ئەو شێوە كاركردنەی لاهور لە میدیا و سۆشیاڵمدیاكان و لاواز نیشاندانی توانای كوڕانی جەلاڵ تالەبانی ئەو ئەنجامەمان دەستگیردەكات كە لە هەولی كودەتایەكی سپیە لە نێو یەكێتیدا بۆ ئەوەی بەرەیەك دروستبكات كە پشتگیری لە لاهور بكەن, بە پێشی كوڕانی تاڵەبانی بكەوێتەوە لە ئایندەدا, هەڵبەت دەستكاری كردنی رێكخستنەكانی حزبی و زیاتر كردنی ژمارەی كارگێر و ئەندامانی مەڵبەندەكان و مەكتەبەكانی یەكێتی بە تەسكیەیی تایبەتی لاهور جەنگی بەڵگەیەكی روونە كە كودەتا یەك لە ئارادا هەیە, كە خۆری كوڕانی تاڵەبانی بە دەستی لاهور ئاوا دەبێت.