موسهننا ئهمین: له نێوان دهوڵهتی یاسا و سهدر ململانێیهكی توند ههیه
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ململانێی نێوان حیزب و فراکسیۆنەکان نەیهێشت لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەماندا حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی تەواوبکرێت .
د. موسەننا ئەمین، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق راگەیاند:” جگه له فراكسیۆنه كوردییهكان، لەنێوان دەوڵەتی یاسا و رەوتی سەدریشدا ململانێیەکی سەخت لەسەر بەربژێرکردنی فالح فەیاز، بۆ پۆستی وەزیری ناوخۆ دروستبووە و تاوەکو ئێستا نەیانتوانیوە ئەو ناکۆکییە چارەسەربکەن”.
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق گوتیشی “بەشێک لە شیعەکان پێیانوایە فەیاز لەڕووی ئەمنیەوە بەرپرسیارێتی هەبووە و تاقیکراوەتەوە، بۆیە بەپشتبەستن بە رێنمایی مەرجەعی باڵا پێویست ناکات تاقیکراوە تاقیبکرێتەوە و جارێکی دیکە پۆستی پێبدرێتەوە، بەڵام بەشەکەی دیکە لەگەڵ ئەوەدان فەیاز ببێتە وەزیری ناوخۆ، ئەوەش بەو واتایە دێت کە هەر لایەنە و دەیەوێ پۆستە بۆ خۆی بێت”.
لهبارهی پێکهێنانی هاوپەیمانی کوردستانی لەنێوان فراکسیۆنە کوردستانییەکاندا، موسەننا ئەمین پهرلهمانتاری عێراق له فراكسیۆنی یهكگرتووی ئیسلامی دهڵێت:”پێکەوەبوونی فراکسیۆنە کوردستانییەکان بووەتە شرۆڤە و لێکدانەوە و ئومێدێک نەماوە، تەنها ئەوە هەیە کە هەر فراکسیۆنێک بە ئەرکی نەتەوەیی و نیشتمانی خۆی هەستێت”.