فراكسیۆنی پارتی وەك یەكەم فراكسیۆن فۆڕمی دەستەی دەستپاكی كە تایبەتە بە ئاشكرا كردنی سەروەت و سامانی پەرلەمانتاران پڕكردەوە.
دوای ئەوەی دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان بەپێی یاسایی ژمارە سێی ساڵی 2014 فۆڕمی دەستپاكی بۆ تەواوی پەرلەمانتارانی خولی پێنجەمی كودستان نارد, ئەمڕۆ پەرلەمانتارانی پارتی دیموكراتی كوردستان وەك یەكەم فراكسیۆن لە پەرلەمان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی رایگەیاند, كە هەموو ئەندامانی فراكسیۆنی پارتی فۆڕمەكەیان پڕكردۆتەوە.
هێمن هەورامی سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی ڕای گەیاند، ئەمڕۆ سەرجەم پەرلەمانتارانی پارتی فۆرمی دەستەی دەستپاكییان پڕ كردووەتەوە و رادەستی سەرۆكایەتیی پەرلەمان دەكرێت.
هێمن هەورامی ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد، ئێمە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان دەمانەوێت لەسەر بنەمای حكوومەتێكی بەهێز و خزمەتگوزار لەگەڵ ئەو لایەنانە بۆ حكوومەتی داهاتوو رێككەوین، نەك حكوومەتێكی لاواز”.
پارتی دیموكراتی كوردستان خاوەنی 45 كورسیی پەرلەمانی كوردستانە و ئێستە سەرقاڵە بە پێكهێنانی حكوومەتی نوێی كوردستان كە مەسروور بارزانی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی حكوومەتی داهاتوو كاندید كراوە.