فراكسیۆنی پارتی بڕیاری كردنەوەی بەشی VIP لە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر رەتدەكەینەوە

 

دوای ئەوەی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر, رایگەیاند كە بڕیاریانداوە بەشی VIP بۆ تۆماركردنی ئۆتمبێل لە بەرامبەر وەگرتنی بڕێك پارەی زیاتر كردەوە, ئەمڕۆ فراكسیۆنی پارتی رایگەیاند كە, دژی بڕیاری كردنەوەی ئەو بەشەین بە تایبەت ئەگەر ئەم بەشە جیاكاری لە نێو چینەكانی كۆمەڵگا بكات.
هێمن هەورامی سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بڕیاری دانانی بەشی ڤی ئای پی لە بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر راگیراوە، تا لێكۆڵینەوەیەكی ورد لەو بارەیەوە دەكرێت و شێوازێكی دیكەی بۆ دەدۆزرێتەوە.

هێمن هەورامی گوتیشی: وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان روونكردنەوەی لەو بارەیەوە پێداوین و ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، رۆژانە 800 ئۆتۆمبێلی نوێ تۆمار دەكرێن و مامەڵەی 1500 هاووڵاتی جێبەجێ دەكرێت.

روونیشیكردەوە، ئەوە خزمەتگوزاری خێرایە و لە زۆر وڵاتیش پەیڕەو دەكرێت، بەڵام ئەمڕۆ وەزیری ناوخۆ پێی راگەیاندووین ئەو بڕیارە رادەگیرێت تا بزانرێت چی پێویست بێت و لە خزمەتی هاووڵاتیان بێت ئەوە جێبەجێ دەكرێت.

لە بەشێكی دیكەی كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەیدا هێمن هەورامی رایگەیاند، ئەمڕۆ سەرجەم پەرلەمانتارانی پارتی فۆرمی دەستەی دەستپاكییان پڕ كردووەتەوە و رادەستی سەرۆكایەتی پەرلەمان دەكرێت.

Back to top button