مافی خانەنشینی لە هەرچوار خوڵی پەرلەمانی عێراق دەسەندرێتەوە
دوای ئەوەی خولی نوێی پەرلەمانی عێراق دەست بەكار بو, ، پەرلەمان پێشنیازنامەیەكی لەبەردەم دادگا خستووەتەڕوو، كە دەبێت مافی خانەنشینی لە پەرلەمانتاران بسەندرێتەوه و مووچەی خانەنشینییان ببڕدرێت, محەمەد حەلبووسی، سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دووپاتیكردەوە لە داهاتوودادەبێت خانەنشینی پەرلەمانتاران بكرێتە یاسا.
هەر لە بارەی خانەنشینی پەرلەمانتاران, عەلی عجیاوی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی چاكسازی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكرایكرد، “پێشنیازی سەندنەوەی مافی خانەنشینی لە پەرلەمانتاران، سەرجەم پەرلەمانتارانی هەرچوار خولی پەرلەمان بە ئێستا و پێشووشەوە دەگرێتەوە”.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەشدا، “دوای كۆتاییهاتنی كارەكانی تەواوكردنی پێكهاتەی كابینەی نوێی حكوومەت، خوێندنەوە بۆ ئەو پێشنیازە دەكرێت و دەخرێتە دەنگدانەوە”.
عجیاوی گوتی: “ئەو پێشنیازەی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بۆ بڕینی مووچەی خانەنشینی پەرلەمانتاران ئامادەیكردووە، سەرجەم پەرلەمانتارانی خولەكانی پێشوو و ئێستاش لەخۆ دەگرێت”، دووپاتیشیكردەوە، “ئەو پەرلەمانتارانەی خزمەتی 15 ساڵیان لە فەرمانگە حكوومییەكان تێپەڕاندووە و تەمەنیان گەیشتووەتە سەرووی 50 ساڵی، ئەوا بەگوێرەی یاسای خانەنشینی مووچەیان بۆ دەبڕدرێتەوە”.
ئاماژەی بەوەشدا، “پێدانی مووچەی خانەنشینی بە سەرجەم پەرلەمانتاران پێچەوانەی یاسای گشتی خانەنشینییە، چونكە بەشێكیان تەمەنی یاساییان تێپەڕ نەكردووە و خزمەتی تەواویشییان نییە بۆ ئەوەی مووچەی خانەنشینییان پێ بدرێت”.
ئەو پەرلەمانتارەی هاوپەیمانی چاكسازی ئاشكراشیكرد، “بۆ ئەوەی خوێندنەوەی یەكەم و دووەم بۆ ئەو پێشنیازەی دەستەی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران بكرێت، پێشنیازەكە لەناو پەرلەمان دەخرێتەڕوو و دوای تەواو بوونی پێكهاتەی كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی، دەخرێتە دەنگدانەوە”.