هاوپه‌یمانان: داعش 25 هه‌زار دانیشتوانی موسڵ وه‌كو قه‌ڵغان به‌كاردێنێ

خواكوڕك

چه‌ند ساتێك پێش ئێستا سوپای عێراق له‌ گه‌ره‌كی گۆگجه‌لی چووه‌ ژووره‌وه‌ و سه‌رۆكی ده‌زگای دژه‌تیرۆری عێراقییش رایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌مرۆ سێ شه‌ممه‌ 1/11/2016 به‌كرده‌یی ئازادكردی موسڵ ده‌ستی پێكرد.

پێشڕه‌وییه‌كانى سوپاى عێراق له‌ ناو شارى موسڵ به‌رده‌وامه‌ و له‌ ئێستادا شه‌ڕى كۆڵان به‌ كۆڵان به‌رفراوانتر بووه‌ و كه‌مێك له‌مه‌وبه‌ر هێزه‌ سه‌ربازییه‌كان توانیان بچنه‌ ناو باره‌گاى كه‌ناڵى موسڵه‌وه‌.

ڕاڤینا شامداسانی‌ وته‌بێژی‌ كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ مافه‌كانی‌ مرۆڤی‌ سه‌ر به‌ ڕێكخراوی‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان ڕایگه‌یاند، به‌پێی‌ ئه‌و ڕاپۆرتانه‌ی‌ له‌ مه‌یدانی‌ جه‌نگه‌وه‌ پێیان گه‌یشتوه‌، داعش 40 كارمه‌ندی‌ پێشووی‌ ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی‌ له‌ نزیك موسڵ كوشتوه‌و ته‌رمه‌كانی‌ فڕێداونه‌ته‌ ناو ڕوباری‌ دیجله‌وه‌.

شامداسانی‌ وتیشی‌ چه‌كدارانی‌ داعش به‌ره‌به‌یانی‌ ڕۆژی‌ دووشه‌ممه‌ هه‌وڵیداوه‌ نزیكه‌ی‌ 25 هه‌زار هاوڵاتیی‌ مه‌ده‌نی‌ شارۆچكه‌ی‌ حه‌مام عه‌لیل له‌ باشووری‌ موسڵ به‌ پاس و ئۆتۆمبێلی‌ بارهه‌ڵگر بگوازێته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی‌ وه‌ك قه‌ڵغانی‌ مرۆییی‌ به‌كاریان بهێنێت.

Back to top button