سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عیراق وەڵامی تۆمه‌ته‌كانی گوتەبێژی فەرمی یەکێتی ده‌داته‌وه‌

له‌ میانی وتووێژێکی ڕۆژنامه‌وانی له‌ ده‌نگی كوردی ئه‌مریكا ،د.ڤیان سەبری سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عیراق وەڵامی قسەکانی سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی فەرمی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەدەنگی ئەمریکا دەداتەوە.

پێشتر سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ گوته‌بێژی یه‌كیتی له‌ چاوپێكه‌وتنێكی ڕۆژنامه‌وانیدا له‌ ده‌نگی ئه‌مریكا له‌باره‌ی وه‌رگرتنی پۆستێك بۆ یه‌كێتی له‌ به‌غدا گوتبووی ” پارتی دەیەوێت” ئینتیقام” تۆڵه‌ لەیەکێتی بکاتەوە و هیچ وەزارەتێکی نەبێت ،له‌به‌غداد پێیان وتین پارتی ڕێگره‌ له‌پێدانی وه‌زاره‌ت به‌یه‌كێتی”.

لای خۆیه‌وه‌ د.ڤیان سەبری سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عیراق ،ڕەتیدەکاتەوە پارتی هۆکار بێت لەپێنەدانی پۆستی وەزارەتی داد دەڵێت” عادل عەبدول مەهدی خۆی کاندیدێکی سەربەخۆ و تەکنۆکراتی بۆ پۆستی وەزارەتی داد کاندیدکردووە ئێمەش وەک ڕێزێک و پشتیوانی بۆ حکومەتەکەی ڕێزی بۆچونەکەی دەگرین تەنانەت ڕەنگە دەنگیشی پێبدەین چونکە عادل عەبدولمەهدی کەسێکی وادیارە بەخەم چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدادە وە ئێمە کاتی خۆی سازشمان لە پۆستی وەزارەتی کۆچ و کۆچ بەران کرد هەر لەبەر ئەم هۆکارە، واتە هێندەی چارەسەر کردنی کێشەکان گرنگە هێندە پۆست گرنگ نیە.”

لەبارەی هۆکاری یەکلایینەکردنەوەی وەزارەتە ماوەکانی کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عیراق گوتی” هۆکاری یەکلاینەکردنەوەی وەزارەتە ماوەکانی کابینەکەی (د.عادل عەبدولمەهدی) دەگەڕێتەوە بۆ ڕێک نەکەوتنی (شیعە-شیعە) (سونە- سوننە) هەروەها (کورد و کورد) ئێمە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان هێندەی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد-مان پێ گرنگە، هێندە بەرنامەی حکومەتەکەمان پێ گرنگە هێندە پۆستمان پێ گرنگ نیە بۆیە وەک پشتیوانیەک لە حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی پارتی ڕۆژی ۲۴/۱۰ئەگەرچی کاندیدی لەناو هۆڵی پەرلەمان بۆ پۆستی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران ئامادەبوو کەبەڕێز نەوزاد هادی بوو بەڵام سازشی لەسەر ئەو مافەی خۆی کرد بۆ پێکهاتەی مەسیحی.”

له‌باره‌ی وتەکانی سەعدی پیرە بە تۆمەتبارکردنی پارتی بەوەی ڕێگرە لەبەردەم پێدانی پۆستی وەزارەتی داد بەیەکێتی، د.ڤیان سەبری سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عیراق ده‌ڵێت” نەخێر ئەوە ڕاست نیە، بەڵکو ڕاستیەکەی ئەوەیە بەڕێز عادل عەبدولمەهدی خۆی وتی دەمەوێت هەندێک کەسایەتی سەربەخۆ و بێ لایەن لە کابینەکەم بن ئێمەش وەک ڕێزێک بۆ داواکاری و بۆچونەکەی ئەو پشتیوانیمان کرد، چونکە لای ئێمە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغداد گرنگە، وە ئەو (حاکم دارا)یەی دانراوە کەسێکی بێ لایەنی کوردە عادل عەبدولمەهدی وەک کەسێکی سەربەخۆ دەستنیشانیکردووە هەر خۆی کەسێکی خاوەن ئەزمون و شارەزایە ئێمە کێشەمان نیە لەگەڵی.”

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عیراق جەختیکردەوە ئەوان هۆکاری پێنەدانی پۆستی وەزارەتی داد نین بەیەکێتی و وتیشی” خۆ کێشەکە هەر وەزارەتی داد نیە وەزارەتی ناوخۆ و بەرگریە، بەڵام وەک وتم ئێمە ڕێز لە بژاردەی عادل عەبدولمەهدی دەگرین تەنها لەپێناو چارەسەرکردنی کێشيکانی هەولێر و بەغداد کەبەکەسایەتیەکی وا دەردەکەوێت.”

Back to top button