وڵاتانی ئۆپیک لە بارەی کەمکردنەوەی خستنە ڕووی نەوت ڕێککەوتن

دوای ئەوەی ئەمڕۆ وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی ئۆپێک لە ڤییەننای پایتەختی نەمسا بە مەبەستی سەقامگیرکردنی بازاڕی نەوت کۆبوونەوە ئۆپێک لەسەر کەمکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت رێککەوت و نرخی نەوتی برێنتیش بەڕێژەی 5% بەرزبووەوە و 62 دۆلاری تێپەڕاند.

سوهەیل مەزرووعی، وەزیری وزەی ئیمارات، لە میانی کۆبوونەوەکەدا رایگەیاند، گفتوگۆکان ئەرێنی بوون و رێککەوتنکراوە لەسەر کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت و گوتی: “لە ساڵی 2019 کاردەکەین بۆ راگرتنی باڵانس لەنێوان بەرهەمهێنانی نەوت و نرخی نەوت”.

ئۆپێک بە فەرمی راینەگەیاندووە بڕی کەمکردنەوەکە چەند دەبێت، بەڵام ئاژانسەکانی هەواڵ لە زاری سەرچاوەکانەوە بڵاویانکردووەتەوە، بڕی کەمکردنەوەکە یەک ملیۆن و 200 هەزار بەرمیل نەوت دەبێت لە رۆژێکدا.

پاش بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، نرخی نەوتی برێنت بەڕێژەی 5% بەرزبووەوە و گەیشتە نزیکەی 63 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.

هەر لە کۆبوونەوەکەی ئۆپێکدا، ئەلیکساندەر نۆڤاک، وەزیری وزەی رووسیا رایگەیاند، بڕیارەکان بەجۆرێک دەبن سوودی بۆ هەموولایەک هەبێت.

نۆڤاک ئاماژەی بەوەکرد ، هەوڵەکانیان دەتوانێت ئەنجامی باشی هەبێت و گوتی: “لە داهاتوودا هاوئاهەنگی زیاتر لەنێوان وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت دەبێت و پێویستە نرخی نەوت سەقامگیربێت”.

Back to top button