بەرپرسێکی موسڵ بۆ سەرۆک بارزانی، بەناوی مرۆڤایەتی داواتان لێدەکەم فریامان کەوە
دوای ئەوەی شەپۆلێکی باران بارین هەرێمی کوردستان و چەند ناوچەیەکی عێراقی گرتەوە، لە سنووری پارێزگای موسل لافاو لەچەند ناوەچەیەک دروست بوو، زوهەیر ئەعرەجی قایمقامی شاری مووسڵ داوای لە سەرۆك مەسعود بارزانی كرد بەهانای شارەكەیانەوە بچێت و فریای ئاوارەكان و دانیشتووانی چەند گوندێكی زیانبەركەوتووی لافاوی بارانەكانی ئەم دواییەی ناوچەكە بكەوێت.
ئەعرەجی لە بەیاننامەیەكدا، بەناوی مرۆڤایەتییەوە داوای هاوكاری لە سەرۆك بارزانی دەكات بۆ ئەوەی فریای خێوەتگەكانی سەلامیە و نەمروود بكەوێت، لەگەڵ چەند گوندێكی ناوچەكە، كە بەهۆی لافاوەوە زیانی گەورەیان بەركەوتووە و دانیشتووانی ناچار بوون بەرەو شوێنی ئارام بچن.
قایمقامی مووسڵ بۆ بارزانی نووسیویەتی “داواتان لێ دەكەین ڕێكخراوی خێرخوازیی بارزانی راسپێرن بۆ ئەوەی فریای خەڵك و كەسوكارمان لەو ناوچانەی مووسڵ بكەوێ، بەڵكو بەتانی و خۆراكیان بۆ دابین بكات، ئێوە خەڵكی مرۆڤدۆستن”.
ماوەی چەند ڕۆژێكە بەهۆی باران بارینی زۆرەوە، لە چەندین ناوچەی ناوەڕاست و باكووری عێراق لافاو هەڵساوە و زیانی گەورە بەر دانیشتووان كەوتووە.