پرۆفیسۆر جەمال نەبەز کۆچی دوایی کرد

پڕۆفیسۆر دکتۆر جەمال نەبەز، نووسەر و بیرمەندی کورد لە تەمەنی ۸۵ ساڵیدا لە ئەڵمانیا کۆچی دواییکرد.

مامۆستا جەمال نەبەز ، رۆڵێكی بەرچاوی هەبووە لەنێو بزووتنەوەی نیشتمانیی هەموو پارچەكانی كوردستاندا . ئەو لەگەڵ شەش هاوبیری دیكەیدا ، دیارترین دامەزرێنەری (كاژیك)ە ، لە كاژیكنامە و پەرتووكەكانی دیكەیدا بناخەی بیری نەتەوەیی كوردی هاوچەرخی نووسیوەتەوە .

پرۆفیسۆر جەمال نەبەز لە ساڵی ۱۹۳۳ لە شاری سلێمانی لەدایکبووە. لە سەرەتای خوێندنیدا جگە لە خوێندنی ئیسلامی، فەلسەفە و دەرونزانی و فیزیا و ماتماتکی خوێندووە. لە نیوەی یەکەمی پەنجاکانی سەدەی رابردوودا لە زانکۆی بەغدا، فیزیا و ماتماتیکی خوێندووە. پاشان لە شارەکانی کەرکووک، هەولێر، بەغدا و بەسرە وانەی گوتووەتەوە.

دوای ۲۸ ساڵ ژیان چووەتە ئەوروپا بۆ تەواوکردنی خوێندن و پاشان لە زانکۆکانی مینوخ و ئۆزبورگ خوێندنی ئیسلامیی و ئێرانناسی و شێوازی گوتنەوەی وانەی خوێندووە.

لەساڵی ۱۹٦۷-۱۹۷۰ لە زانکۆی هامبۆرگ خوێندوویەتی و هەر لەو ساڵانەدا لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی، یەکێتیی نەتەوەیی خوێندکارانی کوردیان دامەزراندووە.

لە ساڵی ۱۹۷۰-۱۹۷۹ لە زانکۆی بەرلینی ئازاد زانستە سیاسییەکان و رۆژنامەنووسی و یاسای خوێندووە. هەروەها یەکێکە لە دامەزرێنەرانی کاژیک.

پرۆفیسۆر جه‌مال نه‌به‌ز هەواڵەكانی كوردستان و شۆڕشی كوردستانی گەیاندووەتە نێوەندە ئەوروپاییەكان لەكاتی شۆڕشی ئەیلوول دا . دەیان سەمیناری بۆ نێوەندە ئەكادیمی و رۆشنبیرییە ئەوروپاییەكان سازكردووە . بەشێوەیەكی زانستكارانە بەشێكی مێژووی هاوچەرخی كوردی ساخكردووەتەوە . كاری زۆر ناوازەی زانستكارانەی لەسەر زمانی كوردی و ستاندارتكردنی زمانی نووسینی كوردی كردووە و ، بنەچەی وشە كوردییەكانی روونكردووەتەوە ، جیا لە نووسینی چەند کتێبێک، وەرگێڕانی بۆ چەندین کتێبی دیکە کردووە کە بەرهەمەکانی ویلیام شەیکسپیەر لە نێوانیاندا هەیە.

دوایین به‌رهه‌مى پرۆفیسۆر جه‌مال نه‌به‌ز كە‌ كتێبێكى ٦٤۰ لاپەڕەییە، به ‌ناونیشانى (بیره‌وه‌ریینامه‌ى ئه‌و رۆژانه‌ى جاره‌كى دیی ناگه‌ڕێنه‌وه‌) له ‌سلێمانى بڵاكرایه‌وه‌.

ئەمڕۆ شەممە ۸ی۱۲ی۲۰۱۸، ئەو بیرمەندەی کورد لە وڵاتی ئەڵمانیا کۆچی دوایی کرد.

Back to top button