ده‌رهێنه‌رێكی كورد له‌ رووداوێكی گوماناویدا كۆچی دوای كرد

له‌ رووداوێكی هاتووچۆدا، ره‌حیم زه‌بیحی، ده‌رهێنه‌ری دیاری كورد و براكه‌ی له‌ نزیك ناوچه‌ی نیزه‌ڕۆی بانه‌ی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، گیانییان له‌ده‌ستدا.

ماڵپه‌ڕی‌ ناوه‌ندی‌ حیزبی‌ دیموكراتی‌ كوردستان بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ “له‌ رووداوێكی هاتوچۆی گوماناویدا له‌ نێزه‌ڕۆی بانه‌ ره‌حیم زه‌بیحی و براكه‌ی كه‌یوان زه‌بیحی له‌ نێزه‌ڕۆی بانه‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌یان وه‌رگه‌ڕا و ئاگری گرت، به‌و هۆیه‌وه‌ هه‌ر دووكیان گیانیان له‌ ده‌ست دا”.

ماڵپه‌ڕی‌ ناوه‌ندی‌ حیزبی‌ دیموكراتی‌ كوردستان ده‌ڵێت: “ته‌رمی سووتاو و بێ گیانی هونه‌رمه‌ند ره‌حیم زه‌بیحی و براكه‌ی به‌ ده‌ست به‌سراوی له‌ ماشێنه‌كه‌دا دۆزراوه‌ته‌وه‌، به‌وه‌ش گومانی كوشتنی به‌ ئه‌نقه‌ستی ئه‌و دوو برایه‌ به‌هێز ده‌بێ”.

ره‌حیم زه‌بیحی ساڵی 1971 له‌ شاری بانه‌ی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ كوردستان له‌ دایكبووه‌، یه‌كێكه‌ له‌ سینه‌ماكاره‌ دیاره‌كانی كورد، چه‌ندین كورته‌ فیلمی هه‌یه‌ له‌وانه‌، “هاوار”، “سه‌ته‌لایت”، “كۆتایی شه‌ڕ”، “ئه‌و پیاوه‌ی كه‌ چوو بۆ سه‌یران”، “ساته‌ مه‌زادكراوه‌كان”، “تیرۆریستێك داده‌به‌زێ”، “رۆژی دوایی”، “ئیسترێس”، “سه‌مای ڕه‌نگه‌كان”، “ژانی دابڕانی ئه‌به‌دی”، فیلمی “وڵاتی ئه‌فسانه‌”، “به‌پێی ده‌ستوور”، به‌شیك له‌ به‌رهه‌مه‌كانی له‌ چه‌ندین فیستیڤاڵی سینه‌مایی ناوچه‌یی و جیهانیدا نمایشكراون و خه‌ڵاتیان وه‌رگرتووه‌، جگه‌له‌وه‌ش ده‌رهێنه‌ری زنجیره‌ درامای “ماڵه‌كه‌ی مه‌عروف” بووه‌.

هه‌ندێك له‌ به‌رهه‌مه‌ سینه‌ماییه‌كانی ئه‌و ده‌رهێنه‌ره‌ش، لە چەندین فیستیڤاڵی سینەمایی ناوچەیی و جیهانیی گرنگدا نمایشكراون و خەڵاتیان وەرگرتووە.

ساته‌وه‌ختی سوتاندنی ئوتۆمبیله‌كه‌

Back to top button