پارتی و یەكێتی لە دوو رۆژی داهاتوو كۆدەبنەوە بۆ گفتوگۆكردن لە بارەی حكومەت
دوای ئەوەی پارتی بڕیاری دا گەڕی دووەمی گفتوگۆكان بە مەبەستی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت دەست پێبكات, گوتەبێژی فەرمیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئاشكرای كرد كە ئەگەر هەیە بۆ شێوازی فیفتی بە فیفتییەكەی جاران لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان نەگەڕێنەوە هەروەك پێشتر پارتی ڕای گەیاندبوو.
سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەكێتی ڕایگەیاند، لە سەرەتای دامەزراندنی حكوومەتی فیدرالەوە هەندێك گرژی هەبووە، یەكێتی هەوڵدەدات ئەو گرژییە نەمێنێت و یەكێتی و لایەنەكانیش بە مافیان بگەن. هەروەها ”لە كابینەی دكتۆر عادل عەبدولمەهدی لە بەغدا هەندێك كێشە هەیە و ئێمەش لە كاتی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماردا نەمانتوانی لەگەڵ پارتی لەسەر یەك كاندید ڕێكبكەوین، ئێمە و پارتی كێشەمان لەسەر ئەوە هەیە و لەگەڵ برادەرانی عێراقیش هەندێك كێشە هەیە“.
لە بەشێكی دیكەی لێدوانەكەیدا پیرە ئاشكرای كرد، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا وەفدی پارتی دەچێتە سلێمانی و لەگەڵ یەكێتی كۆدەبێتەوە بۆ پێكهێنانی حكوومەت. گوتیشی: ”پێویست بە ڕێككەوتننامەیەكی سیاسیش دەكات لەبارەی كێشەكان، ئەوەش ماوەیەكی دەوێت، بەڵام ئەكید دامەزراندنی حكوومەت لەسەر ئەو گفتوگۆیە دەكرێت“. جەختیشی كردەوە كە حزبەكەی دەیەوێ لە حكوومەتی داهاتووی هەرێمی كوردستاندا شەریك بێت، بەڵام دانی بە داوایەكی پارتیدا نا كە خۆی لە نەگەڕانەوە بۆ سیستەمی پەنجا بە پەنجا دەبینێتەوە و ڕای گەیاند: ”رەنگە بۆ فیفتی بە فیفتییەكەی جاران نەگەڕێینەوە، بەڵام دەبێ لە بواری ئەمنی و سیاسی و ئیداری سیمای شەراكەت هەبێت“.
گوتەبێژی یەكێتی ڕوونی كردەوە كە ئەوان وەكوو یەكێتی هاوپەیمانێتی لەگەڵ پارتی دەكەن و ڕێز لەو بڕیارانە دەگرن كە پارتی دەیدات، چونكە ”بەپێی ئیستحقاقی ئینتیخابی، پارتی گەورەترین فراكسیۆنن و كاندیدی ئەوان بۆ دامەزراندنی حكوومەت ڕادەسپێردرێت“