سەدر نابێت فالح فەیاز ببێتە وەزیری ناوخۆ, مالیكی جگە لە فەیاز كەسی ترمان قبوڵ نیە
دوای ئەوەی بە هۆی ناكۆكی سیاسی نەتوانرا, هەشت وەزیری كابینەی نوێی حكومەتی متمانەیان پێبدرێت, كە زۆرترین كێشەكان لەسەر وەزارەتی ناوخۆیە كە فالح فەیاز بۆ ئەم پۆستە دیاری كراوە, سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی قانوون رایگەیاند كە ئیئتیلافەكەی رێگانادات فالح فەیاز و هیچ كاندیدێكی تری وەزارەتە بەتاڵەكانی كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عیراق بگۆڕدرێت.
نوری مالیكی سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی قانوون لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند كە “دەوڵەتی قانوون رێگا بە هاوپەیمانی بینا و عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران نادات فالح فەیاز كاندید بۆ وەزارەتی ناوخۆ و هیچ كاندیدێكی تری وەزارەتە بەتاڵەكان بگۆڕن”.
مالیكی گوتی: “گۆڕینی فەیاز بە كاندیدرێكی تر بەڵگەی سەپاندنی خواستی هاوپەیمانی سائیرونە بەسەر پەرلەمان و حكومەت بەڕێگەی نادەستووری، ئەمەش بۆسەر پرۆسەی سیاسی مەترسییە”.
مالیكی داوای لە كوتلەی سائیرون لە پەرلەمانی عیراق كرد كە “بۆچوونیان سەبارەت بە رەتكردنەوەی وەرگرتنی وەزارەتی ناوخۆ لەلایەن فەیاز و دەنگ پێنەدانی لە پەرلەمان روون بكەنەوە”.
وتیشی: “لە حاڵەتێكدا فەیاز لە پەرلەمان متمانەی بەدەست نەهێنا، ئەو كاتە دەگۆڕدرێت بە كەسێكی تر”.
سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی قانوون روونیشیكردەوە كە “ئەگەر لە پەرلەمان، فەیاز زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتارانی بەدەستهێنا مانای وایە كە گەل بۆ ئەو پۆستە هەڵیبژاردووە”.
مالیكی ئەوەشی خستەڕوو كە “بەپێی دەستوور هەڵبژاردنی كاندیدەكان بۆ وەزارەتەكان لەڕێی دەنگدان لە ناو پەرلەمانەوە دەكرێت نەك لەڕێی ئاژاوە و هەڕەشەكردنەوە”.
درەنگانێكی شەوی چوارشەمە 24ی تشرینی یەكەمی 2018، پەرلەمانی عیراق لە دانیشتنێكی تایبەتدا متمانەی بە 14 وەزیری كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی بەخشی و لەو كاتەوە تا ئێستا وەزارەتەكانی پەروەردە، ناوخۆ، پلاندانان، خوێندنی باڵا، داد، ڕۆشنبیری، كۆچ و كۆچبەران و بەرگری یەكلا نەكراونەتەوە.
هەر چەندە رۆژی 3ی ئەم مانگە ناوی هەشت كاندید بۆ ئەو وەزارەتانە گەیشتە پەرلەمان و بڕیار بوو رۆژی چوارشەممە لە دانیشتنێكدا پەرلەمان متمانەیان پێبدات، بەڵام بەهۆی ناكۆكی لایەنەكان بەتایبەتی شیعەكان لەسەر فالح فەیاز كاندید بۆ وەزارەتی ناوخۆ، دانیشتنەكە جارێكی تر دواخرا.