سهرۆك بارزانی پێشوازی له جۆن ویلیكس باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق دهكات
ئهمڕۆ یەكشەممە ۹ـی ۱۲ـی ۲۰۱۸ لە سەلاحەددین سەرۆك بارزانی پێشوازی لە جۆن ویلیكس باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەكە و دوا هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكوومەتی تازەی عێراق و تەحەددیاتی بەردەم پڕۆسەی سیاسی تاوتوێ كرا و باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق ڕۆشنایی خستە سەر بایەخ و ڕەنگدانەوەكانی سەردانەكەی ئەم دواییەی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا و ئەو سەردانەی بە گرنگ و كاریگەر وەسف كرد.
هەر لەو كۆبوونەویەدا جەخت لەوە كرایەوە كە حكوومەتی تازەی عێراق و پڕۆسەی سیاسیی دوای هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەرفەت و كەشوهەوایەكی تازەی بۆ پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و چارەسەركردنی كێشەكان و جێبەجێكردنی ماددەی ۱٤۰ـی دەستووری عێراق هێناوەتە ئاراوە. پەیوەست بە بارودۆخی كەركووكیش ئەوە دووپاتكرایەوە كە پێویستە هەموو پێكهاتەكان لە بەڕێوەبردنی ئەو شارە بەشدار بن.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكە باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق تەئكیدی لە بەردەوامی و توندوتۆڵتركردنی پەیوەندییەكانی وڵاتەكەی لەگەڵ هەرێمی كوردستان و هەروەها هاوكاریكردنی وەزارەتی پێشمەرگە و ڕێكخستنەوەی كردەوە.
بارودۆخی پارێزگای نەینەوا و كێشەكانی دانیشتوانی موسڵ و ئاوارەكان تەوەرێكی تری ئەو دانیشتنە بوو.